درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێم گرەنتی ئایندەیەكی گەشتر و پاراستنی ئاسایشی كوردستانە

پ.ی.د.ئەحمەد ئەنوەر دزەیی٭
دوای ئەوەی لە پەرلەمانی كوردستان بڕیاری درێژكردنەوەی ماوەی هەردوو سەرۆكایەتیەكەی كوردستان (پەرلەمان، سەرۆكایەتی هەرێم) درا، جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڕێز (مسعود بارزانی) هەرچەندە بۆچوونی لەگەڵ ئەوەدا نەبووە، كەچی وەڵامی ئەو هەڵوێست و بڕیارەی دایەوە كە لەلایەن نوێنەرانی زۆرینەی خەڵكی كوردستان دراوە، كە تیایدا ماوەی سەرۆكایەتیەكەی خۆشی بە شێوەیەكی كاتی درێژ دەكرێتەوە، كە بەشێكی پەیوەندی بەوە هەیە كە بۆشایی یاسایی لە كوردستان نەبێت تا هەڵبژاردنەكان تەواو دەبن و بەشەكەی دیكەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە ئەو بارودۆخە ناسەقامگیرەی كە لە ئێستادا كوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێداتێپەڕ دەبێت.
هەرچەندە هێشتا ئەو بڕیارەی پەرلەمانی لە بارەی درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی پەسەند نەكردووە، بەڵام لە دوا وتاری بۆ رای گشتی بەشێوەیەكی شاراوە دەبینرێت لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی رای زۆرینەی خەڵك پەسەندی دەكات، چونكە ئەو بڕیاردانەی تەنها لە هەناوی بۆچونەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵكو ئەو بۆچونە لەسەرەتادا لە لایەن یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە كە فەخامەتی سەرۆك كۆماری عێراقی فیدراڵ بەڕێز مام جەلال تاڵەبانی پێشنیار كراوە، لەگەڵیشدا پارت و هێزە سیاسی و فراكسیۆنەكانی دیكەی پەرلەمان و بێلایەنەكانیش پاڵپشتیان كردووە. هەمیشە بەڕێز مسعود بارزانی دەڵێت: بۆ من پێشمەرگایەتی شەرەفێكی گەورەیە كە لە پێناو گەلەكەم بجەنگم تا دڵی نەتەوەكەم خۆشبكەم بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە گەورەكان، نەك پۆست و پایە، بۆیە لای من پێشمەرگایەتی بە پلەی یەكەم دێت.
| سەرۆك بارزانی كە كەشتی ئارامی تا ئێرە هێناوە، بۆیە دەبینین زۆرترین بەرپرسیاریەتی مێژوویی و ئەخلاقی و كۆمەڵایەتی دەكەوێتە سەرشانی هەموو لایەك |
شتێكی شاراوە نییە، كە بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و وڵاتانی دراوسێ، بە تایبەت سوریا، لە دۆخێكی سیاسی دژوار دەژی، گۆڕانكاریەكانیش زۆر بە خێرایی بە ناجێگیری دەڕۆن، ئەوەش رەنگدانەوەی نەرێنی بەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان دەبێت كە لە ئێستادا دڵی ئابوری و ئاسایشی عێراقە، بێگومان ئەمەش بە هۆی ئەو هەموو قوربانیدان و كۆشش و خەبات و تێكۆشان و رشتنی خوێنی شەهیدانەوە هاتۆتە بەرهەم، نەخاسمە خەبات و شارەزایی و ئەزمونی سیاسی سەرۆك بارزانی كە كەشتی ئارامی تا ئێرە هێناوە، بۆیە دەبینین زۆرترین بەرپرسیاریەتی مێژوویی و ئەخلاقی و كۆمەڵایەتی دەكەوێتە سەرشانی هەموو لایەك، ئەم بڕیارەی درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان تەنها خواستی هاوبەشی نێوان پارتی و یەكێتی و هێزە سیاسی و پارتەكانی نێو پەرلەمانی كوردستان نییە، بەڵكو خواستێكی گشتیگیری هەموو كوردستانە بۆ ئایندەیەكی نەتەوەیی گەشتر، بۆ هاتنەدی كیانێكی سەربەخۆی كوردی و جێبەجێكردنی مادەی 140 و بە یاسا خرانەوە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ سەر هەرێمی كوردستان.
دوای ئەوەی سەرۆك تاڵەبانی بە هۆی دۆخی نەخۆشییەوە لە كایەی سیاسی عێراق و كوردستان ئامادەیی نیە، ئەوا بەرپرسیاریەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دووئەوندە زیاتر بووە، كە بە ئەزمون و شارەزایی و لێهاتویی خۆی توانیویەتی تەنگەژو قەیرانەكای چ لە عێراق یا لە هەرێمی كوردستان هێوربكاتەوە، بۆیە جەنابیان هەمیشە لە تەنگانەو قەیرانە دژوارەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان، وەك فریادڕەسێك رۆڵ دەگیڕێت لە نەهێشتنی ئاستەنگەكانی بەردەم ئاشتی و ئارامی و پێكەوەژیانی نەتەوەكان، ئەو هەموو شتانەش وایكردووە یا كەڵەكەبوونە كە نەك خەڵكی كوردستان بە بۆچون و ئاین و بیری سیاسی جیاوازە ئەوا خەڵكی عێراقیش هیوا دەخوازن فریشتەی ئاشتی عێراق لە ئەركەكەی بەردەوام بێت، چونكە كاریزمایی جەنابی سەرۆك بارزانی وایكردوە ببێتە دڵی ئاسایش و دڵنایی و سەقامگیری، بۆیە عێراق و هەرێمی كوردستان پێویستیان بە تواناو لێهاتوویی ئەو هەیە بە هۆی ئەوەی توانیویەتی هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی سیایسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی تێپەڕێنێت كە كێبڕكێ لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر بكات و لە بەڕێوەبردنی كۆنتڕۆڵكردنی قەیرانەكانیشدا سەركەوتوبێت و هاوسەنگی لە نێوان گروپە سیاسیە جیاوازییەكانی عێراقیش دروست بكات، سەرباری بەڕێوەبردنی پەیوندی دەرەكی لەگەڵ وڵاتانی دیكە بەسەركەوتویی كە هەرێمی كوردستان لە ئێستادا بە پەیوەندییەكی باش تێپەڕ دەبێت لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان، بەتایبەت وڵاتانی عەرەبی لەسەرووی هەموویاندا وڵاتانی كەنداوی عەرەبی وەكو سعودیە، ئیمارات، كوێت، قەتەر، ئەمەش وایكردووە كە دەیان نوێنەرایەتی و كونسوڵخانە لە هەرێم بكرێتەوە.
| كاریزمایی جەنابی سەرۆك بارزانی وایكردوە ببێتە دڵی ئاسایش و دڵنایی و سەقامگیری، بۆیە عێراق و هەرێمی كوردستان پێویستیان بە تواناو لێهاتوویی ئەو هەیە |
لەبەرامبەر ئەو هەموو بەرپرسیاریەتیەی جەنابی سەرۆك بارزانی هەڵیگرتووە، ئەوا پەرلەمانی كوردستان ماوەی سەرۆكایەتییەكەی درێژكردەوە كە ماوەكەی لە ساڵێك زیاتر نەبێت، بە ئامانجی بەدەستهێنانی سازانی پڕۆژەی دەستووری هەرێم و دیاریكردنی میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم.
سەرۆكی هەرێم لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمیشەوە دەڵێت: هەركەسێك متمانەی خەڵك بەدەستبهێنێت ئەوا ئەو ئەمانەتەی رادەست دەكەین، واتە كورسیەكەی سەرۆكی هەرێمی پێشكەش دەكەن، ئەمەش دڵنیامان دەكاتەوە بە هیچ شێوەیەك سەرۆكی هەرێم ئارەزوی مانەوەی لە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم نییە، بەڵكو ئەو كورسی سەرۆكایەتی هەرێم بە ئەرك دەزانێت بۆ خزمەتكردن، بەمەش چەندە كاتی زیاتر بدرێت بە بەڕێزیان ئەوا دەسكەوتی زیاتری نەتەوەیی بەدەستدەهێنێت، ركابەری هەموو ئەو هەڕەشانە دەبێتەوە كە روبەروی كوردستان دەبێتەوە. دوای هەموو ئەمانە كەچی هەندێ دەنگی نەساز هەیە بە چاویلكەی رەشەوە دەیانەوێت بە پاساوی جێبەجێكردنی میكانیزمە دیموكراتییەكان بۆ بەرژەوەندی خۆیان دژایەتی درێژكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، لەكاتێكدا نوێنەرانی زۆرینەی خەڵك ئەو بڕیارەیان بە شێوەیەكی دیموكراتی داوە، كەوایە یەكێك لە مەرج و بنەماكانی دیموكراتی رێزگرتنە لە ویستی گەل، ئەمەش شتێكی لۆژیكی نییە گرینگترین بنەمای دیموكراتی پەراوێزبخرێت، بۆیە دەبێت ئۆپۆزیسیۆن رێز لە ویست و دەنگی خەڵك بگرێت و بە بۆچون و بیرۆكەكانیان دابچنەوە لەوەی دژایەتی دەنگی زۆرینەی خەڵك بكەن لە درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێم و هەر پرسێكی دیكەی هاوشێوەی ئەمە.
٭ سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەددین- هەولێر




