١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری
کوردستانی

مەحما خەلیل بۆ KDP.info: ئازادکردنی شنگال لەسەر دەستی سەرۆک بارزانی کۆتایی بە ئەفسانەی داعش هێنا

سەرچاوە: KDP.info

نەینەوای-KDP.info- لە یادی یازدە ساڵەی داستانی مەزنی ئازادکردنی شنگالدا، بەرپرسی لقی ١٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە سەرۆک بارزانی بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی خۆی، نەک هەر بەڵێنەکەی بەرامبەر کوردانی ئێزدی جێبەجێ کرد و شنگالی لە چنگی تیرۆریستانی داعش دەرهێنا، بەڵکو دەرگای سەرکەوتنیشی بە ڕووی تەواوی عێراقدا کردەوە.

​لە ساڵیادی تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش و ئازادکردنی شنگال، مەحما خەلیل، بەرپرسی لقی ١٧ی پارتی لە شنگال، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، تیشکی خستە سەر ڕەهەندە مێژووییەکانی ئەو سەرکەوتنە و دۆخی ئێستای ناوچەکە.

​مەحما خەلیل گوتی، "لە یازدەمین ساڵوەگەڕی ئەم داستانە مەزنەدا، سەری ڕێز و سوپاس بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی و هێزی پێشمەرگەی کوردستان دادەنەوێنین، چونکە سەرۆک بارزانی لەسەر چیای شنگالەوە مژدەی خێر و ڕزگاریی پێداین و بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی جەنابیان و بە پشتیوانیی هێزەکانی هاوپەیمانان، ئەفسانەی داعش تێکشکێندرا."

​بەرپرسی لقی ١٧ ئاماژەی بەوەش دا کە سەرۆک بارزانی بەڵێنی بە میر، بابە شێخ و تەواوی کۆمەڵگەی ئێزدی دابوو کە تا تۆڵەی کچ و ژنانی ئێزدی نەکاتەوە و شنگال ئازاد نەکات، ناوەستێت. گوتیشی، "سەرۆک بارزانی بەڵێنەکەی بە تەواوی بردە سەر، ئازادکردنی شنگال لەسەر دەستی پێشمەرگە بووە کلیل و دەرگایەک بۆ عێراقیش تا بتوانێت ناوچەکانی دیکەی ژێر دەستی تیرۆریستان ڕزگار بکاتەوە."

​سەبارەت بە دۆخی ئێستای شنگال و پرسی ئاوارەکان، مەحما خەلیل ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی بەغدا گرت و ئاشکرای کرد، "ئەگەر سیاسەتی هەڵەی حکوومەتی فیدراڵ و پابەندنەبوونیان بە ڕێککەوتنەکان نەبووایە، ئێستا شنگال سەقامگیر دەبوو و خەڵکەکەمان گەڕابوونەوە سەر زێدی خۆیان."

​لە کۆتاییدا بەرپرسی لقی ١٧ی پارتی دووپاتی کردەوە کە ڕێککەوتنی شنگال بە ئامادەبوونی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی زلهێز لە نێوان هەولێر و بەغدا واژۆ کراوە، بەڵام جێبەجێنەکردنی بووەتە هۆی ناسەقامگیریی زیاتر. داواشی کرد کۆتایی بە ناکۆکییەکانی ناو شنگال بهێنرێت، خەڵکەکەی قەرەبوو بکرێنەوە و بە سەربەرزی بگەڕێنەوە باوەشی هەرێمی کوردستان، چونکە شنگال پارچەیەکی دانەبڕاو و ئازیزی کوردستانە.

​قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار