دکتۆر کاوە بۆ KDP.info: بانگەوازەکەی بارزانی ڕەنگدانەوەی پێویستییەکانی قۆناغەکەیە

ھەولێر-KDP.info- سیاسەتمەدار دکتۆر کاوە مەحموود پشتگیریی خۆی بۆ بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانی دەربڕی و ڕایگەیاند، لە سایەی ئاڵنگارییەکانی ناوچەکەدا، گەڕانەوە بۆ دیالۆگ و یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان باشترین قەڵغانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان و بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سیاسەتمەدار دکتۆر کاوە مەحموود جەختی لەوە کردەوە کە بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و کوردستان مەترسی و نیگەرانیی جددی دروست کردووە، بۆیە باشترین وەڵام بۆ ئەم دۆخە، گەڕانەوەیە بۆ ناوخۆ و بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی نێوان هێزە سیاسییەکان.
دکتۆر کاوە مەحموود تیشکی خستە سەر گرنگیی دیالۆگی نێوان پارتی و یەکێتی و گوتی، "نزیکبوونەوەی هەردوولا هەنگاوێکی کاریگەرە بۆ چالاککردنەوەی پەرلەمان و دامەزراوەکانی هەرێم و بەشداریی سەرجەم لایەنەکان لە پرۆسەی سیاسییدا.
گوتیشی، "پێویستە دیالۆگی نێوان پارتی و یەکێتی ببێتە هەوێنێک بۆ کۆبوونەوەیەکی فراوانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بە مەبەستی داڕشتنی نەخشە ڕێگەیەکی هاوبەش، پێشنیازیش دەکەم چوارچێوەیەکی نیشتمانی (وەک کۆنفرانس یان ئەنجوومەنێکی سیاسی) پێکبهێنرێت بۆ نزیککردنەوەی لایەنەکان و دروستکردنی زەمینەی گفتوگۆ، بێ ئەوەی دەستێوەردان لە کارەکانی یاسادانان و جێبەجێکاریدا بکات.
لە کۆتاییدا، ناوبراو دووپاتی کردەوە کە بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانی ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی پێویستییەکانی قۆناغەکەیە، چونکە لێکجیاکردنەوە یان نەگونجاندنی پرۆسەی سیاسی و یاسایی کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە و پێویستە هەنگاوەکان بە ئاراستەی تەکنیکی و نیشتمانیی هاوبەش بەرەو چارەسەر بڕۆن.
عەزیز ڕەسوڵ




