١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری

سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی سەرەخۆشی لە سەرۆککۆمار و گەلی تورکیا دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP. info-  سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا هاوسۆزی و خەمباریی خۆی بۆ قوربانیانی رووداوی تەقینەوەکەی شاری ئیزمیری تورکیا دەربڕی و پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی سەرۆککۆمار و گەلی ئەو وڵاتە کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026،  مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە داوە، زۆر خەمبارە بە گیانلەدەستدانی ژمارەیەک هاووڵاتی بەهۆی ئەو تەقینەوە وێرانکەرەی لە کارگەیەکی ئاسن لە شاری ئیزمیری تورکیا روویدا.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، مەسرور بارزانی پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمار و گەلی تورکیا و بنەماڵەی قوربانییەکان دەکات. 

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوسۆزیی خۆی بۆ تەواوی لێقەوماوان دەردەبڕێت و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازێت.

تەقینەوەکە رۆژی دووشەممە، 9ی تشرینی دووەمی 2026، لە کارگەی ئاسن و پۆڵای (HABAŞ) لە ناوچەی عەلیاغای پارێزگای ئیزمیر روویدا و دوای ئەوەش ئاگرێکی گەورە لە شوێنەکە هەڵگیرسا. لە ئەنجامی رووداوەکەدا 17 کرێکار گیانیان لەدەست داوە و 14 کەسی دیکە بریندار بوون.