دەقی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی ئەمڕۆی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێری کرد و لەگەڵ وەزیرانی ناوخۆ و شارەوانی و پارێزگاری هەولێر کۆبووەوە، دواتر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر لێکەوتەکانی کارەساتە سروشتییەکەی هەولێر، پرسی مووچە و بودجە، پێکهێنانی حکوومەت و هێرشەکانی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر.
دەقی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی مەسروور بارزانی:
بە ناوی خوای گەورە و مێهرەبان
بەڕێزان ئەمڕۆ هاتووینەتە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەسەرکردنەوەی ئەم ژوورە و هەڵسەنگاندنی ئەو کارەساتە سروشتییەی کە پێش چەند ڕۆژێک بەهۆی بارینی بارانێکی زۆر بەداخەوە زیانی گیانی و ماڵیشی لێکەوتەوە و بەداخەوە دوو کەس گیانیان لەدەست دا. لێرەوە من دووبارە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیان دەکەم، هیوادارم جێگەیان بەهەشتی بەرین بێت و خوا سەبووریی بنەماڵەکانیشیان بداتەوە.
لە نزیکەوە گوێبیستی هەموو ئەو بەڕێزانە بووین کە بۆیان باسکردم، بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم بارودۆخە، بێگومان بارینی ڕێژەیەکی یەکجار زۆری باران لە کاتێکی زۆر کورت هۆکاری سەرەکیی ئەم کارەساتە سروشتییە بووە، بەڵام دیارە لە هەندێک شوێنی تر پێویستیمان بە لێکۆڵینەوەی زیاترە بۆ ئەوەی بزانین ئەگەر کەمتەرخەمییەک هەبووبێت، یان پێویستی بە گرتنی هەندێ ڕێکاری تریش بێت، ئێمە ئەوەی لە تواناماندا بێت بیکەین و بەیەکەوە خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەین.
ئەوەی جێی دڵخۆشییە، ئەو هەماهەنگییەیە کە بینیمان لە نێوان پێشمەرگە و فەرمانبەران لە ئیدارە و دەزگا ئەمنییەکان و هاووڵاتییان خۆیان لەگەڵ یەکتر بووە، کە بە هانای یەکترەوە چوون بۆ ئەوەی زیانەکان کەم بکرێنەوە. من سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەم، چ لە ئیدارە، چ لە دەزگاکانی ئەمنی و پێشمەرگە، زێرەڤانی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، کوردستان فاوەندەیشن و هەموو ئەو دەزگا خێرخوازی و لایەنانەی کە بە هانای خەڵکەوە هاتوون و هەر یەکێک بەپێی توانای خۆی هاوکاریی پێشکەش کردن.
ئەوەی من داوا دەکەم لە هاووڵاتییانی خۆشەویست ئەوەیە لە کاتی وادا، زۆر پابەندی ڕێنماییەکانی حکوومەتی هەرێم بن بۆ ئەوەی هەم خۆیان لە کارەسات و زیانەکان بەدوور بگرن، هەم بۆ پاراستنی کەسوکار و خەڵکی دەوروبەریش یارمەتیی دەزگا پەیوەندیدارەکان بدەن و ئەو ڕێنماییانە دەکرێ زۆر زۆر یارمەتیدەر بن لە گەیاندنی هاوکاریی خێرا بۆ هاووڵاتییان و پاراستنی سەلامەتیی خۆشیان.
ئێمە پێداچوونەوە بە هەموو ئەو ئەگەر و هۆکارانە دەکەین کە لەوانەیە ئەگەر کاری پێویستی تێدا بکرێت، ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە کارەساتانە بکرێت، هەرچەندە کارەساتی سروشتی لە هەموو دنیا ڕوودەدەن، لە شارەکانی پێشکەوتوو، لە وڵاتانی پێشکەوتووش کەس ناتوانێت ڕێگری لە کارەساتی سروشتی بکات، بەڵام ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان، هەموو هەوڵێک دەخەینەگەڕ ئینشائەڵڵا.
هەستم کرد کە بەشێک لە کێشەکان بە هۆکاری قەیرانی داراییە لە لایەکەوە ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی باشترین خزمەتگوزاری پێشکەشی خەڵکی کوردستان بکەین لە لایەکی ترەوە کەوتووینەتە ژێر پاڵەپەستۆ و فشارێکی یەکجار زۆر کە دەبێت هەموو داهاتەکان ڕادەستی بەغدا بکەین بۆ ئەوەی ئێمە تەنیا مووچە دابین بکەین بۆ خەڵکی کوردستان ئەمە یەکێکە لەو نموونانەیە کە مووچە تەنیا کافی نییە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین خزمەتی هەموو خەڵک بکەین. پێویستیمان بە بەشە بودجەیەکی گونجاو هەیە کە ئێمە ئامێری پێویست خزمەتگوزاری پێویست لە کاتی پێویستدا پێشکەشی خەڵکی بکەین.
کەواتە بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی شارێکی وەکو هەولێر یان هەموو شارەکان لە ئاستی کوردستاندا ئەوانە پێویستیان بەوەیە کە بەڕاستی ڕەچاوی وەزعی دارایی هەرێمی کوردستان بکرێ ئەو قەیرانە داراییە دەبێت چارەسەر بکرێ ئێمە بۆ ئەوەش لە بەغدا بە هەموو جۆرێک پێداگریمان کردووە لە دەستەبەرکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین هەم خەڵکی ئێمە ئاسوودە بێت، بەختەوەر بێت و ژیانێکی باشتر بژیت و بشتوانین ئەو خزمەتگوزاریانە بین کە پێویستن بۆ خەڵک دابینی بکەین.
ئێمە بەردەوام دەبین لە بەجێگەیاندنی ئەرکی خۆمان و لە خزمەتی خەڵکی خۆمان دەبین و سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەش دەکەم کە بەڕاستی لەم چەند ڕۆژە یارمەتییەکی یەکجار زۆری ئەو خەڵکەیان داوە بەتایبەتی دوای ڕوودانی کارەسات کە خاوێنکردنەوەی شار بووە. داواشم لە خەڵکی کوردستان ئەوەیە یارمەتی دەزگاکان بدەن، یارمەتی خۆیان بدەن لە پاک ڕاگرتنی شارەکان لە پاک ڕاگرتنی مەنهۆڵەکان بۆ ئەوەی ناچار نەبین جارێکی تر خوانەخواستە ئەمە ببێت بە بەشێک لەو هۆکارانەی کە لافاو هەڵبستێ، یانیش خوانەخواستە ڕووداوی نەخوازراو ڕووبدات. جارێکی تر سوپاسی ئامادەبوونی هەمووتان دەکەم.
وەڵامەکانی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی بۆ پرسیاری ڕۆژنامەنووسان:
ڕۆژنامەنووس: زیانلێکەوتووانی کارەساتە سروشتییەکەی هەولێر قەرەبوو دەکرێنەوە؟
مەسروور بارزانی: من داوام کردووە هەڵسەنگاندن بۆ زیان بەرکەوتووەکان بکرێ بزانین کێ چەند زیانی بەرکەوتووە و دوای ئەو هەڵسەنگاندنانە، ئێمە بێگومان هەوڵی جدی دەدەین بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی کە زیانیان بەرکەوتووە.
ڕۆژنامەنووس: هیچ وادەیەک دیاریکراوە بۆ کۆبوونەوەیەک لە نێوان هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەت یەکێتی، بەمەبەستی پێکهێنانی حکوومەت دوای کاراکردنەوەی پەرلەمان؟
مەسروور بارزانی: ئێمە دەرگامان کراوەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەر لایەنێک بیەوێت بێت ئامادەبێت، ئێستا پەرلەمانێکی کارامان هەیە کە شوێنی گفتوگۆیە بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان داوا دەکەین هەر لایەنێکی سیاسی خەمخۆری خەڵکی کوردستان بێ بیانەوێ بێن گفتوگۆ بکەن دەرگا کراوەیە بۆیان.
ڕۆژنامەنووس: کێشەی مووچە بە تەواوەتی چارەسەر کراوە؟ هەڵوێستی تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، لەسەر ڕێککەوتن و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چییە؟
مەسروور بارزانی: ئێمە هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە کە بابەتی بودجە بە شێوەیەکی بنەڕەتی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکرێ. خۆشتان دەزانن بابەتی بودجە پەیوەندیدارە بە داهاتەکانی عێراق کە خۆی تا حەدێکی زۆر قەیرانێکی ئابووری تووش بووە، بەڵام هەوڵی ئەوەمان داوە مووچە دەستەبەر بکرێ، مسۆگەر بێ و بەردەوام بێ ئەو بەڵێنەیان بە ئێمە داوە. من ئەوەتان پێ دەڵێم کە بەڵێنیان پێ داوین هیوادارین لەسەر بەڵێنی خۆیان بوەستن و بۆ دابینکردنی و مسۆگەرکردنی و بەردەوامبوونی مووچە بەردەوام بن. هەروەها لەسەر خاڵەکانی تریش سەبارەت بە پەیوەندی نێوان هەردوولا، قسەی جدییمان کردووە، هیوادارین بگەینە ئەنجامی زۆر باش، لێکتێگەیشتنی باشە هەبووە. من لەگەڵ لایەنەکانی ئەمریکا لەگەڵ بەڕێز تۆم بەڕاکیش قسەم کردووە ئەوان لەگەڵ ئەوەن کە هەرێمێکی خۆڕاگر و بەهێز هەبێت کە ئەمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەقامگیری و پێشخستنی حکوومەتی عێراقیش بە شێوەیەکی گشتی کەواتە ئەوان لەگەڵ ئەوان کە هەرێمێکی بەهێز و یەکگرتوومان هەبێت.
ڕۆژنامەنووس: لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتوون بەگوێرەی دەستوور مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت؟ باسی هێرشی کۆرمۆرتان کرد، کێ لە پشتی هێرشەکەوە بوو و کەی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە دەستپێدەکاتەوە؟
مەسروور بارزانی: ئێمە لەسەر بنەمای دەستوور قسەمان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حکوومەتی فیدراڵی کردووە بۆ چەسپاندنی هەموو مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان؛ ڕاستە کێشەی ئێمە تەنیا بودجە نییە، زۆر شتی تریش هەیە، ناوچە دابڕێنراوەکانە و بودجەیە بابەتی نەوت و گازە لەسەر هەموو ئەو خاڵانە قسەی پێویستمان کردووە. سەبارەت بە هێرشی سەر کۆرمۆر ئێمە لەگەڵ لایەنی فەرمی بەغداش قسەمان کردووە و هاوڕا بووین لەسەر ئەوەی کە نابێ ئەم جۆرە هێرشانە دووبارە ببنەوە، سەرکۆنەی ئەم هێرشانە بە توندی کراوە و بەردەوامیش دەبین لەوەی کە هاوکاری یەکتر بکەین بۆ ڕێگریکردن. ئەوەی بزانم لیژنەیەکی هاوبەش لە لایەن سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵییەوە پێکهێنراوە دوێنێ چوونەتە ئەو شوێنە بۆ دەستکردن بە لێکۆڵینەوە بۆ ئەوەی بزانین کێ لە پشتی ئەم هێرشانە بووە و داواکاری ئێمە ئەوەیە هەر کاتێک بە دیار کەوت کێ بەرپرسە لەو جۆرە هێرشانە ڕووبەڕووی سزای یاسایی بکرێنەوە.
ڕۆژنامەنووس: هیچ ڕێککەوتنێکی نوێتان کردووە لەگەڵ بەغدا لەبارەی ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ و جێبەجێکردنی ئەسیکۆدا؟
مەسروور بارزانی: ئێمە قسەمان کردووە لەسەر ئەوە تا ئەنجامی کۆتایی، من نامەوێ بچمە ناو وردەکارییەکان، بەڵام لەسەر داهاتی ناوخۆش قسەی پێویستمان کردووە و ئەو بەڵێنانەی وەرمانگرتوون لە حکوومەتی فیدراڵی دڵخۆشکەرن لەسەر ئەوەی کە بە چ جۆرێک مامەڵە لەگەڵ داهاتە نانەوتییەکان یان داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکرێ لەگەڵ دابینکردنی مووچە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان. بابەتی نەوتیش یەکێکە لەو بابەتانەی کە وەکو پاکێجێک سەیری دەکەن لەسەر ئەوە هێشتا خاڵی ناکۆکی هەیە، بۆیە ئێمە بەردەوامین لە گفتوگۆکردن بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێک کە ئینشائەڵڵا لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندا بێت.
ڕۆژنامەنووس: هیچ گەرەنتییەک هەیە حکوومەتی فیدراڵ ئەو ڕێککەوتن و بەڵێنانە جێبەجێ بکات کە بە ئێوەی داون؟
مەسروور بارزانی: ئێمە با پێش ڕووداوەکان نەکەوین با بزانین جارێ ئەنجامی گفتوگۆکان و بەڵێنەکان بە چی دەگات لەسەر بابەتی نەوت بە درێژی قسەمان کردووە بۆچوونی جیاواز حەتا لە ناو خودی حکوومەتی فیدراڵیشدا هەیە هەندێ کەس هەن لەگەڵ ئەوان کە کۆنترۆڵێکی مەرکەزی هەبێ کە ئەمە پێچەوانەی دەستوورە. ئێمە پێداگیری لەسەر جێبەجێکردنی دەستوور دەکەین و مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەکو کیانێکی فیدراڵی بۆیە دەستوور بۆ ئێمە بنەمایە بۆ گەیشتن بە هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و هیوادارین ئەوانیش پابەندی دەستوور بن و پابەندی ئەو بەڵێنانە بن کە داویانە و ئەو ڕێکەوتنانەی کە لەگەڵ ئێمە دەکرێ ئینشەڵا.




