یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، پشتیوانیی خۆی بۆ بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان (YNDK)، لە ڕاگەیەندراوێکدا پشتیوانیی خۆی بۆ بانگەوازەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی ڕاگەیاند بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان و تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی، داواشی لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد بە دەم ئەو دەستپێشخەرییە نیشتمانییەوە بێن.
دەقی ڕاگەیاندنى (YNDK) سەبارەت بە بانگەوازى سەرۆک مەسعود بارزانى:
ئەمڕۆ دووشەممە، رێکەوتى ٩ / ١١ / ٢٠٢٦ ، جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی ڕێبەرى بزاڤى ڕزگاریخوازیى نیشتیمانیى کوردستان، لە بانگەوازێکدا داوا لە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتى کوردستان دەکات پێکەوە دابنیشن و، کێشەکان چارەسەر بکەن و کۆتایی بە قەیرانی سیاسیی هەرێمی کوردستان بهێنن و، بنبەستە سیاسییەکان تێبپەڕێنن، هەروەها داوا دەکات کەوا لایەنە سیاسییەکانی دیکەى هەرێمی کوردستانیش بەشداری لە هەنگاوەکانی پڕۆسەی سیاسیدا بکەن و، پێکەوە حکوومەتێکی بنکەفراوان و نیشتیمانی پێکبهێنن و وەڵامی داوا و خواستەکانی خەڵکی کوردستان بدەنەوە.
بێگومان، لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆک بارزانی بەردەوام بۆ خاوکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەرکردنى ناکۆکییە سیاسییەکانی کوردستان دەستپێشخەری هەبووە، ئەو پەیامەی ئەمڕۆشی لە کاتێکی زۆر هەستیار و گرنگدایە و، بۆ هەستیاریی ڕەوشى کوردستان و دۆخی ناوچەکە سوودى زۆرى دەبێت، بۆیە ئێمە لە یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK ، پێشوازى و پیشتیوانى لەو بانگەوازەى جەنابى سەرۆک بارزانى دەکەین و، داوا دەکەین کەوا هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پێشوازی لەو بانگەواز و دەستپێشخەرییەى سەرۆک بارزانی بکەن و، هاوکار و پشتیوان بین بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان و کۆتاییهێنان بە قەیرانى سیاسیى کوردستان.
مەکتەبى سیاسیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
٩ / ١١ / ٢٠٢٦ هەولێر - کوردستان




