١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری
کوردستانی

سەرۆکی حکوومەت لە هەولێر لافاوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوو و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان تاوتوێ دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی و بەرپرسانی هەولێر لافاوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوو و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان تاوتوێ دەکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی باڵەخانەی پارێزگای هەولێر کرد و لەگەڵ پارێزگار ئومێد خۆشناو و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پارێزگاکە لە کۆبوونەوەدایە.

لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی لافاوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی شاری هەولێر دەکرێت، بە تایبەت دۆخی ناوچە زیانلێکەوتووەکان، قەبارەی زیانە ماددی و مرۆییەکان، هەروەها ڕێکارەکانی حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ یارمەتیدانی زیانلێکەوتووان.

هەر ئەمڕۆ بەیانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی (ڕێڕەوی ژیان)ـی لە شاری هەولێر بەسەر کردەوە کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و بەهۆی لافاوەکەوە زیانی بەرکەوتبوو.

شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین لە ڕۆژی پێنجشەممە، 5ی تشرینی دووەمی 2026ەوە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و شەوی شەممە، 7ی تشرینی دووەم گەیشتە لووتکە. بارینی بڕێکی یەکجار زۆری باران لە ماوەیەکی کورتدا بووە هۆی دروستبوونی لافاو لە چەندین گەڕەک و شەقامی شاری هەولێر و ئاستەنگیی زۆری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان دروست کرد.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، بەهۆی لافاوەکەوە دوو کەس لە شاری هەولێر گیانیان لەدەستدا، کە یەکێکیان مستەفای تەمەن پێنج ساڵان بوو، ئەوەی دیکەشیان گەنجێکی خۆبەخشی تەمەن 25 ساڵ بوو لە کاتی ڕزگارکردنی خەڵکدا خنکا.

هەواڵی پەیوەندیدار