د. شاخەوان ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەى مەسروور بارزانی و عەلی زەیدی بۆ KDP.info ئاشکرا دەکات

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق زۆر گرنگ، ڕوون و ڕاشکاوانە بوو، ئاشکراشی کرد کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێم بە بەڵگە و ژمارەی ورد سەلماندی کە غەدر لە شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان کراوە و هەردوولاش نییەتی باشیان هەیە بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکان.
دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا زۆر بە ووردی باسی مووچە و داهاتی نەوتی و نانەوتی کرد و ڕوونی کردەوە کاتێک بودجەی گشتیی عێراق ٢١٧ ترلیۆن دینارە، دانانی تەنیا ١٢ ترلیۆن و ٨٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێم غەدرێکی گەورەیە، لە کاتێکدا ئەگەر پشکی واقعی (١٤٪) هەژمار بکرێت، دەبێت ٢٩ ترلیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکرێت."
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە لە ساڵی ٢٠١٣وە هیچ دامەزراندنێک بۆ هەرێم نەکراوە و ١٢ ساڵە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران ڕاوەستاوە. سەبارەت بە داهاتی نانەوتیش دووپاتی کردەوە کە بەپێی دەستوور و یاسا دەبێت نیوەی بۆ هەرێم بێت، چونکە بەغدا هیچ بودجەیەکی بۆ بەڕێوەبردن (ئیدارەدان) نەناردووە و ئەو ١٢ ترلیۆنەش بەشی مووچەی هاووڵاتییان ناکات.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، د. شاخەوان عەبدوڵڵا ڕوونی کردەوە کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێم باسی لە خەرجییە سیادییەکانی عێراقیش کردووە کە نزیکەی ٣٠ ترلیۆن دیناری بە ناهەق بۆ زیاد کراوە و لە چوارچێوەی سیادیدا نین، لە کاتێکدا هەرێم جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت خەرجیی سیادی تەنیا ئەو بڕگانە بگرێتەوە کە لە دەستووردا بە تەواوی وەک پرسی سیادی پێناسە کراون.
بڵند ئیبراهیم




