٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری
کوردستانی

د. هێمن هەورامی لەگەڵ کونسولی ئەڵمانیا تاوتوێی دۆخی سیاسی و هەنگاوەکانی داهاتوو دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ یەکشەممە 9ـی 11ـی 2026، لە پیرمام، د. هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە د. کریستیان ئۆیلفکە، کونسولی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، و جولی هۆڵسیمان، بەرپرسی کاروباری سیاسی، ئابووری و میدیایی کونسولخانەکە کرد.

​لە دیدارەکەدا، وردەکارییەکانی پرۆسەی یاسایی و سیاسیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بەپێی یاسای هەڵبژاردن و پەیڕەوی ناوخۆ خرانە ڕوو.

هەروەها تیشک خرایە سەر هەنگاوە سیاسییەکانی دوو ساڵی ڕابردووی پارتی بۆ گفتوگۆ و گەیشتن بە ڕێکكەوتن لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و بەتایبەت لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

​لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەوە کرایەوە کە سیاسەتی نەگۆڕی پارتی بریتییە لە بەردەوامیدان بە گفتوگۆ، دیالۆگ و ئامادەیی تەواو بۆ ڕێککەوتن لەسەر بنەمای ئەو هەنگاوانەی پێشتر لەلایەن شاندی دانوستانکاری پارتییەوە دەستپێشخەرییان بۆ کرابوو. هاوکات دووپات کرایەوە کە هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی فیدراڵی، دەستوری و یەکگرتووە و پاراستن و بەرەوپێدانی، ئەرکێکی نیشتمانی و دەستووریی هەموو لایەکە.

​لای خۆیەوە، کونسولی گشتیی ئەڵمانیا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی بە چاوی ڕێزەوە دەڕوانێتە قوربانی و مێژووی خەباتی گەلی کوردستان، و پشتگیریی خۆیان بۆ هەرێمێکی کوردستانی بەهێز دووپات کردەوە. هەروەها خۆشحاڵی و پشتیوانیی بەردەوامی خۆیان بۆ دیالۆگ، ڕێککەوتنی لایەنەکان، پاراستنی دیموکراسیەت و دامەزراوە دەستوورییەکان دەربڕی و کاراکردنەوەی پەرلەمانیان بە هەنگاوێکی گرنگی یاسایی و پێویست وەسف کرد.

​لە بەشێکی تری دیدارەکەدا، دۆخی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق، پرسەکانی پەیوەست بە بنەماکانی فیدراڵیەت، جێبەجێکردنی دەستوور و ئاستەنگەکانی بەردەم گفتوگۆکان هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا. لە کۆتاییشدا، پەرۆشیی هەردوولا بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە دۆستایەتییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا دووپات کرایەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار