کۆبوونەوەیەک بۆ تاوتوێکردنی لێکەوتەکانی لافاوەکەی هەولێر ئەنجامدرا و چەند بڕیارێک درا

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ یەکشەممە 2026.11.8، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی د. عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا، مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، و هێمن قادر، جێگری پارێزگار، لە دیوانی پارێزگای هەولێر، کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرانی فەرمانگە خزمەتگوزاری، ئەمنی و سەربازییەکان، بەمەبەستی تاوتوێکردنی ئەو لافاوەی کە دوێنێ لەشاری هەولێر بەهۆی بارانێکی خوڕەوە لە بەشێک لە گەڕەکەکانی هەولێر دروستبوو و زیانی گیانی و ماددی لێکەوتەوە بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر وێڕای دەربڕینی هاوخەمی و سەرەخۆشی بۆ کەسوکاری قوربانیانی ڕووداوەکە، سوپاس و پێزانینی ئاراستەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، کە لە شەوی ڕابردووەوە بە بەردەوامی لەسەر هێڵ بووە بۆ بەدواداچوونی ڕەوشی نائاسایی شارەکە، هەروەها سوپاسی سەرجەم تیمەکانی کرد بۆ خێرایی بەدەم هاووڵاتیان و زیانلێکەوتووانەوە.
پاشان کۆبوونەوە، چەند بڕیارێکی گرنگ و بەپەلەی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکەدا، کە گرنگترینیان بریتیبوون لە:
1- پێکهێنانی ژوورێکی هاوبەش: بۆ دەستبەجێ پاککردنەوەی شەقام، کۆڵان و ئەو شوێنانەی کە بەهۆی لافاوەکەوە قوڕ و لیتە و پاشماوەیان تێدا کۆبووەتەوە.
2- پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە، بۆ دیاریکردنی هۆکارەکانی دروستبوونی لافاوەکە.
3- ڕاسپاردنی بەشی قەیرانەکانی پارێزگا بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هاوبەشی سەرجەم لایەنە پەیوەنیدارەكان بۆ خەمڵاندن و تۆمارکردنی سەرجەم زەرەر و زیانە ماددییەکانی هاووڵاتیان.
4- ڕاسپاردنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکان و ڕێگەوبانی هەولێر بۆ خاوێنکردنەوەی سەرجەم ڕێگەوبانەکانی دەوروبەر و دەرەوەی شاری هەولێر.
5- ڕاسپاردنی بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری بۆ خاوێنکردنەوە و ڕێکخستنەوەی کەند، پرد و پۆندەکان.
لە کۆتاییشدا پارێزگاری هەولێر، سوپاسی هەموو ئەو پارێزگارانەی کرد کە پەیوەندییان کردووە و ئامادەیی و پشتیوانیی خۆیان بۆ هەر ئەرک و هەماهەنگی و هاوکارییەک لەگەڵ پارێزگای هەولێر نیشانداوە، هەروەها سوپاسی سەرجەم تیمەکانی خۆبەخشان، دەزگا خێرخوازییەکان و هەموو ئەو هاووڵاتیانەش كرد كە هەماهەنگ و هاوكار بوون لەكاتی ڕووداوەكەدا.





