بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە پارێزگاری هەولێر پەیامێک ئاراستەی هاووڵاتییان دەکات

ھەولێر-KDP.info- پارێزگاری هەولێر، لە پەیامێکدا هۆشداریی دایە هاووڵاتییان لەبارەی دۆخی هاتووچۆی سەر شەقامەکان و ئاستی ئامادەباشیی تیمە خزمەتگوزارییەکان لە کاتی بەردەوامیی شەپۆلی بارانباریندا.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند: داوا لە هاووڵاتییانی خۆشەویست دەکەین، ئەگەر بۆ کاری زۆر گرنگ و پێویست نەبێت، ئەمشەو هاتوچۆی سەر شەقامەکان کەمبکەنەوە، تاوەکو تیمە پەیوەندیدارەکان بتوانن بۆ راپەڕاندنی ئەرکە پێویستەکان و پاراستنی سەلامەتیی هەموولایەک، بە ئاسانی بگەنە شوێنەکان.
ئومێد خۆشناو هاوکات دڵنیایی دایە هاووڵاتییان سەبارەت بە کارکردنی دەزگا خزمەتگوزاری و ئەمنییەکان و گوتی: سەرجەم تیمەکانی شارەوانی، پۆلیس، ئاسایش، بەرگریی شارستانی و تەندروستی لە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواودان و لە ئەرکدان بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان.
هاوکات گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند: وەزارەتی پەروەردە هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو و لە ئێستاشدا، دەسەڵاتی ڕاگەیاندنی پشووی لە ناوەندەکانی خوێندندا بەخشیوەتە ئیدارەی پارێزگاکان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان.




