٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری
شرۆڤه‌ و بۆچوون

یەک ئیرادەیی نەک دوو ئیدارەیی

سەرچاوە: KDP.info

هۆشیار سیوەیلی

پەرلەمانی کوردستان دوای زیاتر لە دوو ساڵ پەککەوتنی کارا کرایەوە، کارێک لە ڕووی یاسایی و پرینسیپ و پرۆسەی دیموکراسییەوە هیچ خەوشێکی نییە. یەکێتیش زۆر هەوڵیدا بە ئەنجامدانی هاوپەیمانی لەگەڵ نەوەی نوێ هەمان کار بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا بەرنامەی کاری حکوومەت یان وەک ناوی لێنرا، دیدگای حوکمڕانی، ڕێککەوتنی لەسەر کرا، بریا ڕێککەوتن و سازانیش لەسەر پۆستەکان بکرایە. لە دوا کۆبوونەوەی دوو قۆڵی بەڕێزان مەسروور بارزانی و قوباد تاڵەبانیدا دەربارەی پێکهێنانی حکوومەت، قوباد تاڵەبانی هیندە بە ئەنجامی گفتوگۆکان گەشبین بووە کە وتویەتی (وا بزانە حکوومەت پێکهاتووە). هەر ئەم کەشە پۆزەتیڤە وایکرد کە بەڕێز مەحموود محەمەد ڕایبگەیەنێت کە (لەم یەکدوو ڕۆژەدا هەواڵی دڵخۆشکەر دەبیستن). بە داخەوە ئەم کەشی لێکتێگەیشتنە (بین لیلة و ضحاها) لەبار براو پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێ گەڕایەوە چوارگۆشەی یەکەم.

لە دۆخی لەم چەشنەدا و بۆ دەربازبوون لەو چەقبەستنە سیاسییە و کاتێک لایەنەکان لە ڕێگەی سازان و ڕێککەوتنەوە ناتوانن حکوومەت پێکبهێنن و دەسەڵاتە یاساییەکانی سەرۆکی هەرێم بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێ ڕوون نەبن و دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان نەدات و گوشارێکی زۆری نێوخۆیی و دەرەکی لە ئارادا بێت بۆ پێکهێنانی حکوومەت، تەنیا ڕێگەی دیموکراسییانە ڕێکخستنی ئەو کۆبوونەوەیەی پەرلەمان بوو.

هەموو حزبێک دوای هەڵبژاردن، گەر بە تەنیا نەتوانێت حکوومەت پێکبهێنێت ئەوا سروشتییە هەوڵی دروستکردنی زۆرینەی پەرلەمانی بدات. بێگومان باشترە گەر زۆرینەیەکی تەندروست بێت، بەڵام وەک وینتستۆن چێرچڵ وتویەتی، زۆرینەی کورسییەکیش بەسە بۆ حوکمڕانی. لە سیستەمی دیموکراسی دنیادا دەرچوونی ئەندام پەرلەمان لە ڕیز هێڵی سیاسەتی حزب لە پەرلەماندا شتێکی نامۆ نییە، بۆیە لە زۆربەی پەرلەمانەکاندا، حزب ئەندام پەرلەمانێک دیاری دەکات وەک قامچی حزب (party Whip) تا لە کاتی دەنگدانە گرنگەکاندا ئەندامانی فراکسیۆنەکەی پابەند بکات بە دەنگدان بە پڕۆژە یاسا یان بڕیارەکەی حزب. سەرەڕای گرتنەبەری ئەم ڕێوشوێنەش هەندێک جار ئەندام پەرلەمانی حزبێک یان فراکسیۆنێک یان پەیوەندی بە حزب یان فراکسیۆنێکی تر دەکات یان وەک ئەندام پەرلەمانی سەربەخۆ دەمێننەوە یان هەندێکجار پێچەوانەی خواستی حزبەکەی دەنگ دەدات.

ئەو ئەندام پەرلەمانانەی لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمان ئامادەبوون نەبوونەتە پارتی (ئەگەر بشبنە پارتی ئاساییە)، بەڵکو مافێکی دیموکراسی و یاسایی خۆیان ئەنجامداوە و ئامادەی کۆبوونەوەی پەرلەمان بوون ئەمەش نە یاساشکێنییە و نە کوفری سیاسی. لە بەریتانیادا دوای دامەزراندنی حزبی ڕیفۆرم یوکەی، ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی سەر بە حزبی کۆنزێرڤەتیڤ چوونە پاڵ ئەو حزبە و تەنانەت نەدیم زەهاوی کە ماوەیەک وەزیری دارایی و سەکردەی دیاری کۆنزێرڤەتیڤ بوو پەیوەندی بە ڕیفۆرم یوکەی کرد و کەسیش تۆمەتی پارە وەرگرتن و ناو و ناتۆرەی تری بۆ هەڵنەبەسەتن.

بیرۆکەی پێکهێنانی هەرێمێکی تر لە لایەن بەغداوە پشتگیری ناکرێت، نەوەک لە بەر پاراستنی هەرێمی کوردستان، بەڵکو لەبەر ئەوەی هەنگاوێکی لەم چەشنە پاساو دەداتە هەندێک لە پارێزگاکانی تری عێراق داوای پێکهێنانی هەرێمی خۆیان بکەن. لە هەموو بارێکدا نابێت یەکێتی باسی دوو ئیدارەیی و جیاکردنەوەی سلێمانی و هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان بکات چونکە ئەو ڕیگەیەیان تاقیکردۆتەوە و لە زیان و ماڵوێرانی زیاتر هیچ سوودێکیان بەو دەڤەرە نەگەیاند.

پارتی هەموو هەوڵێک دەدات یەکێتی بەشداری دانیشتنەکانی پەرلەمان بکات و پێکەوە کابینەی نوێ پێکبهێنن و ئەو دوو ساڵەی ماوە پێکەوە هەرێم بەڕێوەبەرن، چونکە هەڕەشە و تەحەداکان گەورەن و بەرەنگاربوونەوەیان پێویستیان بە هەموو تواناکانە. ئەی ئەگەر یەکێتی ئامادەنەبوو لەگەڵ پارتی حکوومەت پێکبهێنێت یان بێتەوە پەرلەمان و ببێتە ئۆپۆزیۆسۆنێکی بەهێز بەرامبەر حکوومەتەکەی پارتی و هاوپەیمانەکانی، پارتی چ بژاردەیەکی لەبەردەمدایە؟

پێکهێنانی حکوومەت لەگەڵ هاوپەیمانەکانی (ئەوانەی ئێستا و ئەوانەی ڕەنگە لە داهاتوودا ببنە هاوپەیمان) بە بێ یەکێتی یان پەنابردن بۆ هەڵبژاردنێکی نوێ بە پێی ئەو میکانیزمەی لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمدا دانراوە.

بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەی کورد و هەرێمی کوردستان یەک ئیرادەیی دەخوازن و هەر هەوڵێک بۆ لەتکردنی ئەم لەتەی کە هەیە لێدانە لەو بەرژەوەندییانە و چەند بارەکردنەوەی ئەزموونی ناکۆکی و ململانێ خوێناوییەکانی ڕابوردووە.

هەواڵی پەیوەندیدار