٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری

بە نوێنەرایەتیی سەرۆک بارزانی، د. هێمن هەورامی بەشداری لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی نیشتمانیی ئیتاڵیا دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ یەکشەممە ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، بە نوێنەرایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی، د. هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی تایبەتی کونسولخانەی گشتیی ئیتاڵیا کرد کە بە بۆنەی ڕۆژی نیشتمانیی وڵاتەکەیانەوە ڕێکخرابوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، د. هێمن هەورامی پیرۆزبایی گەرمی سەرۆک بارزانی گەیاندە باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق و کونسولی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان، و هیوای زیاتر بەرەوپێشچوونی پەیوەندییە مێژوویی و دیپلۆماسییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئیتاڵیا خواست.

نوێنەری سەرۆک بارزانی جەختی لە گرنگیی پەیوەندییەکان کردەوە و سوپاسی پشتیوانی و هاوکاریی بەردەوامی گەل و حکوومەتی ئیتاڵیای کرد لە قۆناغە جیاجیاکاندا بۆ هەرێمی کوردستان، هاوکات بە بەرزییەوە ڕۆڵی هێزەکانی ئیتاڵیای هەڵسەنگاند لە هاوکاریکردن و مەشقپێکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعشدا.