١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری
کوردستانی

پارتی چاکسازیی تورکمان پشتیوانیی خۆی بۆ دەستپێشخەرییەکەى سەرۆک بارزانی ڕادەگەیەنێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- پارتی چاکسازیی تورکمان لە ڕاگەیەندراوێکدا بە گەرمی پێشوازی لە بانگەواز و دەستپێشخەریی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی جدی و بەرپرسانە لەنێوان هێزە سیاسییەکان، جەختیشی کردەوە کە ئەم هەنگاوە بنەمایەکە بۆ کاراکردنەوەی دامەزراوە دەستوورییەکان و پێکهێنانی حکوومەتێکی نیشتمانیی فراوان لە هەرێمی کوردستان.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی پارتی چاکسازی تورکمان:

پارتی چاکسازی تورکمان بە گرنگییەوە پێشوازی لە بانگەواز و دەستپێشخەریی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکات بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی جدی و بەرپرسانە لەنێوان هێزە سیاسییەکان، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ناکۆکییە سیاسییەکان، کاراکردنەوەی دامەزراوە دەستوورییەکان و پێکهێنانی حکوومەتێکی نیشتمانیی فراوان لە هەرێمی کوردستان.

ئێمە لە پارتی چاکسازی تورکمان باوەڕمان وایە کە لەم قۆناغە هەستیارەدا، بەرژەوەندیی باڵای خەڵکی کوردستان دەبێت لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە حزبی و سیاسییەکانەوە بێت، چونکە پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان، سەقامگیریی سیاسی و بەردەوامیی کارکردنی دامەزراوەکان بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و هاوبەشی سەرجەم هێز و پێکهاتەکانی کوردستانە.

لە هەمان کاتدا، جەخت لەوە دەکەینەوە کە بنەمای سەرەکیی سەرکەوتنی هەر گفتوگۆ و ڕێککەوتنێکی سیاسی، بریتییە لە پێکەوەژیان، هاوبەشیی ڕاستەقینە و ڕێزگرتن لە ماف و ئیرادەی سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی هەرێمی کوردستان.

لەو چوارچێوەیەدا، پێداگری لەسەر پاراستنی مافە دەستووری و نەتەوەییەکانی پێکهاتەی تورکمان دەکەین، بە تایبەتی مسۆگەرکردنی نوێنەرایەتیی دادپەروەرانە و بەشداریی کاریگەریان لە دامەزراوەکانی حوکمڕانی و ناوەندەکانی بڕیاردان، هەروەها پاراستنی ئیرادەی ئازادی دەنگدەرانی تورکمان لە هەڵبژاردنی نوێنەرە ڕاستەقینەکانیان.

پارتی چاکسازی تورکمان پێی وایە کە هەر حکوومەتێکی داهاتوو دەبێت لەسەر بنەمای هاوبەشیی نیشتمانی، دادپەروەری، یەکسانی و ڕێزگرتن لە فرەڕەنگیی نەتەوەیی و ئایینیی کوردستان پێکبهێنرێت، بە جۆرێک کە هیچ پێکهاتەیەک هەست بە پەراوێزخستن نەکات.

هەروەها داوا لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەین بە ڕۆحی بەرپرسیارێتیی نیشتمانییەوە وەڵامی بانگەوازی سەرۆک مەسعود بارزانی بدەنەوە و گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بکەنە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکان، بەدوور لە ململانێ و ناکۆکییەکانی ڕابردوو.

لە کۆتاییدا، پارتی چاکسازی تورکمان پێزانینی خۆی بۆ ئەم دەستپێشخەرییە دەردەبڕێ و جەخت دەکاتەوە کە هێز و سەقامگیریی کوردستان لە یەکڕیزیی هەموو پێکهاتەکانی، پاراستنی مافەکان و بەهێزکردنی دامەزراوە دەستوورییەکانیدایە.

پارتی چاکسازی تورکمان

٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦

هەواڵی پەیوەندیدار