پارتی گەشەپێدانی تورکمان پشتیوانیی خۆی بۆ بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند

هەولێر-KDP.info- پارتی گەشەپێدانی تورکمان پێشوازی لە بانگەوازەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییە سیاسییەکان و دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێ، جەختیشی لەسەر پێویستیی بەشداریی فعلیی پێکهاتەی تورکمان لە دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێمی کوردستاندا کردەوە.
دەقی پەیامی پارتی گەشەپێدانی تورکمان سەبارەت بە بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانی:
وەک پارتی گەشەپێدانی تورکمان، پێشوازی لە بانگەوازی جەنابی سەرۆک بارزانی بۆچارەسەرکردن و کۆتاییهێنان بە خیلافاتی سیاسی و دواکەوتنی کابینەی تازە و پێکهێنانی حکوومەتێکی نیشتمانیی بنکە فراوان دەکەین. سەرۆک بارزانی وەک سەرکردەیەک و مەرجەعى سياسى و نيشتمانى كوردستان هەمیشە زامنی پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی قەوارە و گەلی کوردستان بووە و دڵنیاین کە بانگەواز و ڕاسپاردەی جەنابیان دەرفەتێکی ئەرێنی دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسییەکان. داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکەین پشتگیری لەم دەستپێشخەری و بانگەوازە پیرۆزە بکەن. هەر بەم بۆنەشەوە بە دەرفەتی دەزانین کە لایەنی تورکمانی وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی خەڵکی کوردستان بەشدارییەکی فعلى و چالاکی پێبدرێت لە کابینە و دەزگا شەرعیەکانی هەرێمی کوردستان شان بە شانی هێزو پێکهاتە سیاسی و نەتەوەییەکانی دیکەی کوردستان.
محمد سعدالدين ئيلخانى
سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان




