١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان

نووسەران بۆ KDP.info: ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی ئاسۆیەکی جیهانیی بە پێشانگەی کتێب بەخشی

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێبی هەولێر لە ماوەی ١٨ ساڵ بەردەوامییدا، بووەتە دیارترین ڕووداوی کلتووریی کوردستان و نموونەیەکی دەگمەنی گەشەی مەعریفی لە ناوچەکەدا. ئامادەبوون و سەرپەرشتیکردنی بەردەوامی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ ئەم پێشانگەیە، بڕست و ڕەهەندێکی بەهێزی نەتەوەیی و ئاسۆیەکی جیهانیی بەم بزاڤە ڕۆشنبیرییە بەخشی.

توژەران و ئەدیبان و نووسەران جەخت دەکەنەوە کە ئامادەبوونی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی و بەسەرکردنەوەی وەشانخانەکان، نیشانەی بایەخدانی بەردەوامی جەنابیانە بە پەرەپێدانی هۆشیاریی کۆمەڵگە، پاراستنی بەهای کتێب لە سەردەمی ژیریی دەستکرددا، و قووڵکردنەوەی کلتووری پێکەوەژیان و ئازادیی دەربڕین. هەروەها هەڵبژاردنی درووشمی (من کوردستانیم) بۆ خولی هەژدەهەم، جەختکردنەوەبوو لەسەر ڕەسەنایەتیی ناسنامەی نەتەوەیی.

د. ئیدریس شێخ شەرەفی، توێژەر و مامۆستای زانکۆ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم پێشانگەیە بە پشتیوانیی سەرۆک بارزانی بووەتە پەنجەرەیەکی مەعریفیی بەردەوام لە نێوان خوێنەران و دەزگاکانی چاپ. هاوکات ئاوات محەمەد عوسمان گەڵاڵی، توێژەر و نووسەر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرپەرشتیکردنی پێشانگەکە لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە نیشانەی خەمخۆرییە بۆ بەهێزکردنی ئارامیی دەروونی و فراوانکردنی ئاسۆی تێگەیشتنی مرۆڤ لە ڕێگەی خوێندنەوەوە.

لە لایەکی ترەوە، نووسەر و ئەدیب دڵزار حەسەن، لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پێشانگەکە بە نموونەیەکی دیاری دیپلۆماسیی کلتووری دەناسێنێت کە دەنگی کوردستان بە جیهان دەگەیەنێت. لەم خولەدا، بە بەشداریی زیاتر لە ٤٠٠ دەزگای چاپ لە ١٨ وڵات، نمایشکردنی ملیۆنێک ناونیشانی کتێب و سازدانی ٩٠ چالاکیی فیکری، هەولێر جارێکی تر سەلماندی کە مۆڵگەی سەرەکیی دیالۆگی شارستانی و پاراستنی کلتوورە.

پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب تەنیا بازاڕێک نییە بۆ فرۆشتنی کتێب، بەڵکو بڕبڕەی پشتی گەشەی هزری و جێبەجێکردنی ئەو دیدگا بەرزەی سەرۆک بارزانییە کە کتێب و ڕۆشنبیری بە بنەمای سەرفرازیی گەل دەزانێت.

خێڵان بەختیار