"كۆنفرانسی ئافره‌تان ئه‌نجامی باش و گه‌وره‌ی ده‌بێت"

هه‌ولێر -KDP.info- ئه‌مڕۆ به ئاماده‌بوونی سه‌رۆك بارزانی یه‌كه‌م كۆنفرانسی تایبه‌ت به ئافره‌تان له شاری هه‌ولێر ده‌ستی به كاره‌كانی كرد، ئافره‌تێكی به‌شداربووی كۆنفرانسه‌كه‌ش پێی وایه، كۆنفرانس ئه‌نجامی باش و گه‌وره‌ی ده‌بێت بۆ ئافره‌تان.
له‌یلا عه‌بدولجه‌بار، ئه‌ندامی خولی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان و به‌شداربووی كۆنفرانسی ئافره‌تان به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند "ئه‌مڕۆ یه‌كه‌م كۆنفرانسی تایبه‌ت به ئافره‌ت ده‌ستی پێكرد، من له لیژنه‌ی تایبه‌ت به سۆشیال میدیا به‌شدارم، به‌یانی پانێل ده‌كرێت له‌باره‌ی ڕۆڵی ئافره‌ت و سۆشیال میدیا، هه‌تا بزانین میدیا و سۆشیال میدیا چ كاریگه‌رییەکی هه‌یه له گه‌شه‌پێدانی پرسی ئافره‌ت، هه‌روه‌ها سۆشیال میدیا وه‌ك سه‌كۆیه‌ك بۆ ده‌رخستنی توانای ئافره‌ت، له‌لایه‌كی دیكه‌وه پانێل ده‌كرێت له‌باره‌ی سیاسه‌ت و ستراتیژیه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان."
ئه‌و به‌شداربووه‌ی كۆنفرانسی ئافره‌تان ده‌شڵێت "له‌و كۆنفرانسه بۆ جاری یه‌كه‌مه ئافره‌تانی سه‌ركرده لە ده‌وری مێزێك كۆده‌بنه‌وه و باس له پرسی ئافره‌ت ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ی كرا خواست و ئومێدی هه‌موو ئافره‌تێكی دڵسۆزه، ئێمه گه‌شبینین به ئه‌نجامدانی كۆنفرانسه‌كه و دڵنیام ئه‌نجامی گه‌وره و باشی ده‌بێت بۆ داهاتوو."
له‌یلا عه‌بدولجه‌بار ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، پێویسته هه‌نگاوی تریش بنێرن هاوشێوه‌ی كۆنفرانسه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ، چونكه بابه‌تی ئافره‌ت و ڕۆڵ و كاریگه‌ری ئافره‌ت زۆر هه‌ڵده‌گرێت و پێویستی به چالاكی زیاتره، پارتی هه‌ر له دامه‌زراندنیه‌وه ڕۆڵی ئافره‌تی به‌رچاوگرتووه، زۆربه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كانی ئه‌مڕۆی ئافره‌تانی كوردستان به‌رهه‌می خه‌باتی پارتی و ڕێكخراوی یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستانه، به‌تایبه‌تی ئه‌مڕۆ سه‌رۆك بارزانی له گوتاره‌كه‌یدا جارێكی دیكه ئومێد و هێزی زیاتری پێبەخشین.
قائید میرۆ




