کەرخی ئاڵتی بەرماغ بۆ KDP: سەرکەوتنی پارتی سەرکەوتنی ھەموو پێکھاتەکانە

ھەولێر-KDP.info- سیاسەتمەدارێکی تورکمان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، سەرکەوتنی پارتی، سەرکەوتنی ھەموو پێکھاتەکانە و دەڵێ: لە ھەموو قۆناغەکاندا پارتی و سەرۆک بارزانی داکۆکییان لە مافی پێکھاتەکان کردووە.
کەرخی ئاڵتی بەرماغ، سیاسەتمەداری تورکمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: سەرکەوتنی پارتی لە ھەڵبژاردنی ڕابردوودا، بە سەرکەوتنی ھەموو پێکھاتەکان ھەژمار دەکرێت، پارتی داکۆکی لە مافی پێکھاتەکان کردووە، ھەر لە سەردەمی بارزانیی نەمرەوە تا ئەمڕۆ، پارتی بەردەوامە لە داکۆکیکردن لە ھەموو پێکھاتەکانی کوردستان، پارتی بە کردار سەلماندوویەتی لە ھەموو قۆناغەکاندا لەگەڵ پێکھاتەکان بووە، ئەو کاتەی کێشە بۆ پێکھاتەکان دروست کراوە، سەرۆک بارزانی و پارتی داکۆکییان کردووە.
ئەو سیاسەتمەدارەی تورکمان دەڵێت: بینیمان کاتێک لە پرسی کورسیی کۆتا، کورسییان بۆ پێکھاتەکان نەھێشت، سەرۆک بارزانی سەرسەختانە ھاتە مەیدان و ھەر بە ھەوڵی بەڕێزیان پێنج کورسی بۆ پێکھاتەکان گەڕایەوە، ئەو پێنج کەسە سەر بە ھەر لایەنێک بن، گرینگ ئەوەیە نوێنەری پێکھاتەی خۆیانن.
بەرماغ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئێمە دڵنیاین لە کابینەی داھاتووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا مامەڵەی کورسی لەگەڵ پێکھاتەکان ناکرێت، بەڵکو وەک پشکی پێکھاتەکان لەناو حکوومەتی ئایندەدا جێگەیان دەکرێتەوە، ئێمە لە حکوومەت بەشدار دەبین و ھەموومان پێکەوە دەژین، حکوومەتیش حکوومەتی ھەمووانە.
قائید میرۆ




