٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هه‌ولێر.. یەکەمین کۆنفرانسی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، یەکەمین کۆنفرانسی نەخشەدانانی ئاوەدانی ساز دەکات و لە گوتاری کردنەوەی کۆنفرانسەکەشدا، وەزیری شارەوانی ڕایگەیاند، کۆنفرانسەکە ئامانجگەلێکی هەیە، لەنێویاندا پێشخستن و ڕێکخستنەوەی شار و شارۆچکەکانە بەگوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانیی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە یەکەم کۆنفرانسی نەخشەدانانی ئاوەدانی گوتی: ئەمە یەکەمین کۆنفرانسی نەخشەدانانی ئاوەدانییە بۆ بایەخدانی زیاتر بە کەرتێکی گرنگی وەزارەتی شارەوانی، کە نەخشەدانانی ئاوەدانییە؛ ئەمەش بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دیدگەی مەسروور بارزانی کە جەختی لەسەر نەخشەسازی و پلانسازییەکان کردووەتەوە وەک فاکتەرێکی ڕێکخستنەوەی شار و شارۆچکەکان و دابینکردنی کەشێکی شیاو بەگوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بۆ ژیان لە ئێستا و نەوەکانی داهاتوومان.

هەروا گوتیشی: ئەمە چوارەمین کۆنفرانسی تایبەتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە بۆ کەرتە گرنگەکانی وەزارەت ساز دەدرێت. پێشتر، کۆنفرانسی ڕێکخستنەوەی داهات، کۆنفرانسی شوێنەوار، کۆنفرانسی هەڵسانەوەی گەشتوگوزار لە دوای کۆرۆنا ساز کراوە. هەروەها ئەم کۆنفرانسەی نەخشەدانانی ئاوەدانی هەوڵ و کۆشش و شەونخونی پێنج ساڵەی شارەزایانی ئەم بوارە سەرچاوەی گرتووە لە پێناو پەرەپێدانی زیاتری نەخشەدانانی ئاوەدانی.

ڕاشیگەیاند، ئامانجەکانی ئەم کۆنفرانسە، گفتوگۆ و گەڵاڵەکردنی بابەتە پلانسازییەکان و کاریگەری ئەو بابەتانەیە لەسەر پێشخستن و ڕێکخستنی شار و شارۆچکەکان. بەتایبەتیش جەختکردنەوە، بایەخدان بەبابەتی گەشەپێدانی بەردەوام و هەوڵدان بۆ پیادەکردنی چەمکەکانی بەردەوامبوون کە لە جیهاندا پیادە دەکرێت.

هەروەها ئاماژەی دا، ئامانجێکی تری کۆنفرانسەکە بایەخدانە بە کارکردن بە فەرهەنگ و ناسنامەی میللیی و نیشتمانی و تێکەڵکردنی لەگەڵ قوتابخانە باوەکانی تەلارسازی و نەخشەدانان، لەگەڵ پاراستنی هێما و سیمای بەکارهاتووی نەوەکانی پێش ئێمە، لە بواری دروستکرندنی کۆشک و خانووەکان و دووبارە بەکارهێنانەوەی. وێڕای پێناسەکردنی تەلارسازی و بەرزکردنەوەی ئاستی دیزاینی بیناسازی پرۆژەکان و چەسپاندنی بنەماکانی سەلامەتیی و تەندروستی گشتیی لە ڕووی ستاندارد بەپێی تایبەتمەندییەکانی ناوچەکە.

ساسان عەونی گوتیشی: لەم کۆنفرانسەدا، کاری زیاتر دەکرێت بۆ ئاشناکردنی ڕای گشتی و کەرتەکانی گشتی و تایبەتە سەبارەت بە گرنگی و ڕۆڵی نەخشەدانانی ئاوەدانییە لە گشت بوارەکانە. لەگەڵ وەرگرتنی ڕاسپاردە و پێشنیازی پسپۆڕانی بوارەکەیە بۆ پێشخستنی نەخشەدانانی ئاوەدانیی لە هەرێمی کوردستان.

هەواڵی پەیوەندیدار