سەرۆکی شارەوانی هەولێر: بەگوژمەی 10ملیار دینار پڕۆژە ئەنجام دەدەین
__2023_09_11_h15m54s52__ER.jpg)
هەولێر_KDP.info_ سەرۆکی شارەوانی هەولێر ئاشکرایکرد ، ئێمە بە گوژمەی 30ملیار دینار دەرخستەمان ڕەوانە کردبوو بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کە خزمەتگوزاری جیا جیای گەڕەکەکانی شاری ھەولێری لەخۆ گرتبوو، تا ئێستاش بە گوژمەی 10ملیار دینار پڕۆژەمان لە نێوان جێبەجێ کردن و قۆناغی تەندەرینە لە پارێزگا لەسەر داھاتی ١٥٪ی سەرۆکایەتی شارەوانیمان.
عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پلانمان داناوە بۆ ئەوەی سەرجەم گەڕەک و کۆڵانەکانی هەولێر شەقام و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان بۆ دروست بکرێن، ڕێگاکانیش چاک بکەین، بۆ ئەو مەبەستە بە گوژمەی 30ملیار دینار دەرخستەی پڕۆژەکانمان ئامادەکردبوو، تا ئێستا بە گوژمەی 10ملیار دینار پڕۆژەمان لە نێوان جێبەجێکردن و ڕێکارەکان ئەنجامداوە، لەو پڕۆژانە تەواوکردنی لوپی شەقامی ١٢٠م ڕێگای مەخموور و دروستکردنی باخچە، یەکەم جاریشە لە ھەولێر پڕۆژەی دانانی ڕێڕەوی ھاتوچۆ بۆ نابینایان لە چواردەوری بازاڕی ھەولێر دادەنرێت، بەردەوامیش دەبین تا سەرجەم گەڕەک و کۆڵانەکان چاک دەکەین.
عەبدولواحید ئەحمەد گوتیشی: زیاتر پڕۆژەکانمان لە باشووری هەولێر ئەنجام دەدەین، ئەو گەرەکانە هەژارنشینن و زۆرترین پڕۆژەش لەوێ ئەنجام دراون، ئەمەش مانای ئەوە نییە لە شوێنەکانی دیکە پڕۆژە ئەنجام نادەین، بەڵام لەو شوێنانە زیاتر پێویستییان بە چاککردنی گەڕەک و کۆڵانەکان هەیە، بەردەوامیش دەبین تا خزمەتگوزاری بگەینینە تەواوی گەڕەکەکانی شاری هەولێر، ئەوەندەی لە تواناماندابێت بێ جیاوازی خزمەتی هاووڵاتییان دەکەین، ئەمەش بە پاڵپشتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە بودجەمان بۆ دابین دەکات، ئێمەش پڕۆژەکان جێبەجێ دەکەین.
بڵند ئیبراهیم




