٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"پرۆسەی وەرگرتنی گەنم دەسپێدەکاو پارەشیان بۆ خەرج دەکرێ"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر_KDP.info_ بەڕێوبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و نرخەکەشی گونجاوە، چونکە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری دەکات لەسەر ساغکردنەوەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەی پشتگیری لە کەرتی کشتوکاڵ دەکات، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانیش دەڵێت: هەرکات جووتیاران گەنمیان ڕادەست کرد، پێویستە تا سەرەتای مانگی 10پارەشیان بۆ خەرج بکرێت.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دوای تەواوبوونی پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لەلایەن حکوومەت، بڕیاردرا بە پێداگیری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوو کۆمپانیای خۆشناو و قەیوان ئەو گەنمی ماوەتەوە لە جووتیارانی وەربگرن، چونکە کاتی خۆی کە ئەو کۆمپانیایانە دامەزران یەکێک لە مەرجەکان ئەوەبوو پێویستە گەنمی ناوخۆ وەربگرن، بۆیە ڕاستە کۆمپانیای کەرتی تایبەتن، بەڵام بە هاوکاری حکوومەتی هەرێم ئەوکارە دەکەن.
نەوزاد شێخ کامیل گوتیشی: ئەو دوو کۆمپانیایە  بە دوو نرخ  گەنم لە جووتیاران وەردەگرن، یەکێک بە خەسم و ئەوەی دیکە بێ خەسم ، بە 600هەزار و 575هەزار دینار، بەڵام بە مەرجێک گەنمەکە کوالێتی باش بێت، بۆیە کۆمپانیای خۆشناو هەر لە هەفتەی ڕابردوو  ئامادەیی دەربڕی دەست بکات بە وەرگرتن و بڕیارە کۆمپانیای قەیوانیش لەم هەفتەیە ڕۆژی دووشەممە دەست بە وەرگرتنی گەنم بکەن، چونکە کێشەی کارەبایان هەبوو.
شێخ کامیل ڕوونیشی کردەوە: حکوومەت 500هەزار تەن گەنمی لە جووتیاران وەرگرتووە و مەزەندە دەکرێت 200هەزار تەنیش مابێت ئەویش لە جووتیاران وەردەگرن، بەڵام پێویستە گەنمەکە لە پشکنین دەربچێت، بۆ ئەوەی لێیان وەربگرن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتییەکی تەواوی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەکات بۆ ئەوەی ساغبێتەوە و جووتیاران هانبدرێن زیاتر گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ بدەن، چونکە سەرۆکی حکوومەت خۆی پشتگیری لە کەرتی کشتوکاڵ دەکات و پێداگیری لەسەر ساخکردنەوەی گەنمی جووتیاران دەکات.
هاوکات دکتۆر محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پێویست بوو پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە2/8 دەست پێبکات و دەستپێکراوە، گەنمی نمرە یەک بە 600هەزار دینار و نمرە دوو بە 575 هەزار دینار، پێویستیشە تا 2/10 پارە بۆ جووتیارەکان خەرج بکرێت، گەنمیش هەولێر و دهۆک لە هەولێر وەردەگیرێت، لە سلێمانیش لای خۆیان گەنمەکە وەردەگرن، جووتیاران باس لەوە دەکەن ناتوانن گەنم لە دهۆکەوە بۆ هەولێر بێنن، بەڵام وەبەرهێنەر تێچووی هێنان لەئەستۆ دەگرێت و  گوتویانە خەرجی هێنان لەسەر ئێمەیە با گەنمەکەیان بێنن، بۆیە نەگەیشتووینەتە قۆناغی کۆتایی و هەندێک ڕێکاری تەکنیکی هەیە تەواویان دەکەین و چارەسەریان بکەین، ئینجا گەنم لە جوتیاران وەردەگیرێت.

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار