پارتی لە بەغداش گۆڕانکاری دەکات

بەرپرسێکی پارتی لە شاری بەغدا ئاشکرایکرد، دوای کۆنگرە پارتی گۆڕانکاری لە ئورگانەکانی حزب کردووە، بەرنامە ھەیە لە بەغداش گۆڕانکاری بکات.
سەباح ئاکرەیی، کارگێڕی لقی پێنجی بەغدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دوای کۆنگرەی ١٤ی پارتیمان لە سنووری زۆربەی لقەکان گۆڕانکاری کراوە، ئێمەیش وەک لقی پارتی لە بەغدا پلانمان ھەیە بۆ گۆڕانکاری، بەڵام ھێشتا دەست بە گۆڕانکارییەکان نەکراوە، چونکە کارکردن لە شارێکی وەک بەغدا جیاواز بێت لە شارەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان، ئێمە پێنج لیژنەی ناوچەمان ھەن و لە ئایندە گۆڕانکارییان تێدا دەکەین.
لەبارەی نوژەنکردنەوەی بارەگای لقی پارتی لە بەغدا سەباح ئاکرەیی گوتی: دوو جار بارەگای لقی پارتیمان سووتێندراوە جاری کۆتایی کە سووتێندرا نوژەنمان نەکردەوە، نوژەنکردنەوەی بارەگای لق پێویستی بە فەرمانی سەرۆک بارزانی ھەیە.
سەباح ئاکرەیی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: پارتی لە سەرەتای دامەزراندنیەوە پێگەی خۆی ھەبووە لە شاری بەغدا، ھەڤاڵانمان بەردەوام لە خەبات دابوونە لەو شارە، لە قۆناغەکانی خەباتدا جێی دەستی پارتی و پارتییەکانی بەغدا دیاربووە، ئێستا ئێمە وەک لقی پێنج لە نێو بارەگایەکی تەنیشت رۆژنامەی (تەئەخی) دەوام دەکەین و بەردەوامین لە کاری پارتایەتی لە بەغدا.
قائید میرۆ




