٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دكتۆر كه‌مال كه‌ركوكی: پیلانگێڕی و خۆسه‌پاندن و په‌راوێزخستن قه‌بووڵ ناكه‌ین

سەرچاوە: KDP.info

ئه‌وروپا –KDP.info- لقی 6ی ئه‌وروپای پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ 18/6/2023 وێبنارێكی تایبه‌تی بۆ دكتۆر كه‌مال كه‌ركوكی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای كه‌ركوك – گه‌رمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕێکخست له‌ ژێر ناونیشانی (به‌رگری سه‌ربه‌رزانه‌ی پارتی له‌ كه‌ركووك).

دكتۆر كه‌مال كه‌ركوكی له‌ باسه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌ پرسی كه‌ركووك داو دەڵێ، ئەو پرسە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و جەنابی سەرۆك بارزانی بابەتێکی هەرە گرینگ و جێی بایەخە وەك چۆن بارزانیی نەمر فەرمووی کەرکووک دڵی کوردستانە. دەشڵێت، ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا له‌ كه‌ركووك هه‌یه‌ کە به‌رهه‌می خیانەتی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌ شایانی قەبووڵ كردن نییه‌. ئاماژەی بەوەشدا کە پارتیمان هەرگیز بێ دەنگ نابێت لەبەرامبەر ئەو هەموو زوڵم و ناحەقییەی کە دەرهەق بە کەرکووك و کەرکووکییەکان دەکرێت و  ئه‌مرۆ بێت یا سبه‌ی كه‌ركووك و هەموو ناوچەکانی تر دەبێت بگەڕێتەوە ‌ سه‌ر شوێنی سروشتی خۆیان کە هه‌رێمی كوردستانە.

دكتۆر كه‌مال كه‌ركووكی گوتیشی كه‌ ئه‌و فێڵ و ته‌ڵانەی کە له‌ به‌رگی یاساییدا بەکار دەهێنرێن بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو شارە و پێکهاتە و خەڵکە ڕه‌سه‌نه‌كەی ئەو بابەتانە ھەمووی‌ دژی ده‌ستوور و ناوه‌ڕۆكی ماده‌ی 140 و مافه‌ دیموكراتییه‌كانی خه‌ڵكی كه‌ركوكن،  لەگەڵ هه‌موو ئەو پیلانگێڕی و گۆڕانکاری و ته‌عریبه‌ی کە لە كه‌ركووك ئەنجام دەدرێت، بەڵام  هێشتا له‌ زۆرینه‌بوونی كورد له‌ كه‌ركووك ده‌ترسن چونكه‌ خۆشیان ده‌زانن كه‌ركووك شارێكی كوردستانییه‌ ، بۆیە مەحاڵە بتوانن ئەو حەقیقەتە بگۆڕن.

سه‌رۆكی مەکتەبی ڕێکخستنی كه‌ركوك – گه‌رمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌روه‌ها گوتیشی گروپه‌ میلیشیاییاکان لە کەرکووك بە به‌رده‌وامی خه‌ریكی زوڵم و زۆرداری و گۆڕینی دیموگرافیای ئه‌و شاره‌ن.

سەبارەت بە گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ كه‌ركووك و کردنەوەی بارەگاکانی، دکتۆر کەمال کەرکوکی رایگەیاند کە پارتی‌ به‌ سه‌ربه‌رزی و لەژێر ئاڵای کوردستان ده‌گه‌رێتە‌وه ‌كه‌ركووك، باسی  دوایین ڕێکەوتنی لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتیشی کرد بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی فیدڕاڵی کە پرسی کەرکووك و ماده‌ی  140ی دەستور بەشێکی سەرەکی ئەو ڕێکەوتنەیە، داواشی لە حکوومەتی فیدڕاڵ کرد ئەو ڕێکەوتنە بە هەموو بڕگەکانیەوە وەك خۆی جێبەجێ بکات.

لە وێبنارەکەدا دكتۆر كه‌مال کەرکوکی تیشکی خستەسەر گه‌لی كوردستان کە به‌سه‌ر زۆرێك لە پیلانگێڕیە ناوەخۆ و دەرەکیەکاندا زاڵ بووە، ئەوانەشی ئەو پیلانانەیان ئەنجامداوە بوونەتە عیبرەت بۆ مێژوو، لای ئێمە کوردستان و گەلی کوردستان لە هەموو بابەتێک وگرووپ و لایەنە سیاسیەکان گرینگترن و  ئێمه‌ باوه‌ڕمان بە گەلی خۆمان هەیە و له‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌له‌ و بۆ ئه‌و گه‌ل و خاكه‌ خۆمان فیدا ده‌كه‌ین و دڵنیاشین به‌سه‌ر هەموو پیلانگێڕییەكدا سه‌رده‌كه‌وین.

د.کەمال ئاماژەیشی دا هۆکاری سەرەکی بە ئامانجگرتنی پارتیمان لەلایەن دوژمن و نەیارانی کوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پارتی بە بەردەوامی له‌ مه‌یداندا بووە بۆ به‌رگریی له‌ مافە ڕەواکانی کورد و کوردستان و مێژوویه‌كی نەپچڕاوەی هەیە‌ له‌ خه‌بات و به‌رخودان و سه‌ر بۆ زۆرداری و داگیركاری نه‌وی ناكا، وە لەو نەهجەشی بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بە یاسای بودجەی عیراقی فیدڕاڵیش، دکتۆر کەمال کەرکوکی باسی ئەوەی کرد کەوا ئەو گۆڕانکاریانەی کە لیژنه‌ی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق وھەندێک برگەو مادەی دیکە
لەناو ئەنجومەنی نوێنەران لە ڕەشنووسی بودجەکە زیادکران وگۆڕانکاریان بەسەردا ھات  دژن بە ماده‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی ده‌ستووری عیراق و رێكه‌وتنامەی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان وحکومەتی بەغدا و زیانیان دەبێت بۆ هەموو لایەنێك.

هەر لە درێژەی وێبینارەکەدا بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای كه‌ركوك – گه‌رمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی ئەوەیکرد کەوا هەر بە پێی دەستوری عیراق، دادگای ئیتحادی بوونی خۆیی نا دەستوری و نایاساییە، چونکە بۆ دانانی ئەنەندامانی دادگایی فیدراڵی پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمانی عیراقە، لە کاتێکدا ئەو ئەندامانەی دادگایی فیدراڵی  ئێستا  دادگاکەی لێ پێکھاتووە بە زۆرینەیەکی سادەی دەنگی پەرلەمانتاران یاساکەی تێپەڕێندراوە، ئێستا ئەو دادگایە بۆ مەرامە سیاسییەکان بەکار دەهێنرێن و بە پێچەوانەی دەستورەو بڕیارەکان لە دژی هەرێمی کوردستان دەردەکات.

له‌ دوابه‌شی قسه‌كانیدا دکتۆر کەمال کەرکوکی هیوای خواست ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق و لایەنە سیاسییەکانی ئه‌زموون له‌ مێژوو وه‌رگرن و ڕێگەی ڕاست ودروست و دەستوری هەڵبژێرن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە جیاتی گرتنەبەری ڕێگای فەرزکردنی زۆرینە بە نادەستووری و بەکارهێنانی زۆرینە بەدەر لە دەستوورو مادەیاساییەکان وڕێککەوتنە سیاسییەکان،  چونكه‌ ڕژێمه‌كانی پێشتر له‌و تاقیكردنه‌وەکا‌نیاندا دژی گه‌لی کوردستان‌ شكستیان خوارد و گه‌لی ئێمه‌ش به‌سه‌ربه‌رزی مایه‌وه‌.

د.کەمال کەرکووکی ھۆشداری دا کە تا کورد خاوەنی جەنابی سەرۆك بارزانی بێت، هیچ کەس و لایەنێك ناتوانن ئیرادەی بەهێزی گەلی کوردستان لاواز بکەن وناتواندرێ مەترسی ڕاستەقینە لەسەر ئەمڕۆ و داهاتووی کوردستان و دەسکەوتە گەورەکانمان دروست بکەن چونکە پشتمان بەگەلی کوردستان قایمە.

سه‌لاح جه‌لال

 

هەواڵی پەیوەندیدار