"پارەی تەرخانکراوی حکوومەت بۆ ساڵی نوێی خوێندنە"

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی ، ئەو پارەیەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاڵپشتی قوتابیان تەرخانی کردووە، بۆساڵی نوێی خوێندنە، ئەوەی پێشتریش تەرخان کرابوو بەشێکی دابەش کراوە.
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: سەبارەت بەوحەوت ملیار دینارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاڵپشتی کردنی قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکان تەرخانی کردووە، چاوەرێی گەیشتنی بڕیارەکەین بەدەستمان بگات و وردەکاریەکانمان بۆ ڕوون بێتەوە، چونکە خەرج کردنی ئەوپارەیە لەسەر داواکاری ئێمە بوو، بۆ ساڵی خوێندنی 2023 و2024یش دەبێت، واتا ساڵی تازەی خوێندن.
عەباس ئەکرەم گوتی: هەر کاتێک بڕیارەکە بە فەرمیی بەدەست ئێمە گەیشت ئەو کات ئالیەتی بۆ دادەنرێت بۆ چۆنیەتی خەرج کردن و پاڵپشتیکردنی قوتابیانی زانکۆ وپەیمانگاکان، چونکە ئەو پارەیەی تەرخانکراوە بۆ ساڵی تازەی خوێندنە و لەمانگی نۆی ئەمساڵ دەستپێدەکات.
شایانی باسە، ئەوپارەیە پێشتریش حکوومەت تەرخانی کردبوو ، بەشێکی بۆ دەرماڵەی قوتابیان خەرج کراوە و بەشێکیشی ماوە، لەهەندێک زانکۆ خەرج کراوە و لەهەندێک زانکۆش ماوە، بۆیە پێدانی دەرماڵە بە قوتابیان بەپێی پارەی تەرخان کراو بەردەوام دەبێت.
بڵند ئیبراهیم




