مەحمود ئێزدی: لە هەردوو لقی 14 و17ی پارتی گۆڕانکاری دەکرێت

موسڵ-KDP.info- یاریدەدەری یەکەمی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ گوتی: هەموو ڕێکارەکانی کردنەوەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە مووسڵ تەواو بووە و بەم نزیکانە دەکرێتەوە، بڕیاریشە لەسەر ئاستی هەردوو لقی 17 و14ی پارتی لە مووسڵ و شنگال گۆڕانکاری ئەنجام بدرێت.
یاریدەدەری یەکەمی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، مەحمود ئێزدی ،بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بڕیاری کردنەوەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەرچووە و دوو بینایەمان گرتووە، ئێستا پێداویستی بۆ ناو بینایەکان دابین دەکرێت، چاوەڕێ دەکرێت تا هەفتەی دابێ دەوامی تێدا بکەین، جگە لەوەش ئێمە لە چالاکی و سەردانەکانی خۆمان بەردەوامین و چاودێری کاروباری لقی 17 و14یش دەکەین، ئەوانیش بەباشی کاری خۆیان دەکەن و کارەکان زۆر بەباشی بەڕێوە دەچن.
مەحمود ئێزدی گوتیشی: خەڵکی پارێزگای مووسڵ زۆر دڵخۆشن بە گەڕانەوەی پارتی و ئەوان لەئێمە پەلەترن مەکتەبی رێکخستن بکەینەوە، ئێمەش پەیوەندی باشمان لەگەڵ خەڵک و پێکهاتەکان هەیە، بەتایبەت ئەوانەی لە دەشتی نەینەوان.
ئێزیدی باسی لەوەشکرد ، هەردوو لقی 14 و17ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شنگال و موسڵ بەرنامەیان هەیە کە گۆڕانکاری ئەنجام بدەن، ئێستا ئامادەکاری بۆ گۆڕانکاریەکان دەکرێت بۆ ئەوەی بۆ مەکتەبی رێکخستنی پارتی بەرز بکرێتەوە تا ئێمەیش دانیشتنی لەسەر بکەین وبڕیاری لەسەر بدەین.
بڵند ئیبراهیم




