٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیامی سەرۆک بارزانی گەیشتووەتە سەرۆکوەزیران و سەرکردەکانی دیکەی عێراق

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بڕیارە سبەی دووشەممە هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەسەر ماددەکانی پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق کۆببێتەوە.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سبەی هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەبارەی ماددەی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق کۆدەبێتەوە.

گوتیشی: "رێگە نادەین ئەو دوو ماددەیە بە رەشنووسە نوێیەکە، بەڵکو دەبێ بەوشێوەیە بێت کە رێککەوتنی هەردوو حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی لەسەری رێککەوتوون".

ئەوەشی خستەڕوو: "تا ئەو کاتەی رێککەوتنی سیاسی لەسەر هەردوو ماددەی 13 و 14 نەکرێت، دانیشتنەکانی پەرلەمانمان راگرتووە، بەشێوەیەک کە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت".

سەبارەت بە دەستکاریکردنی ئەو ماددانەی کە پەیوەندیان بە پشکی هەرێمی کوردستانەوە هەیە لە پڕۆژەیاسای بودجە شاخەوان عەبدوڵڵا، گوتی: "ئەوەی کرا سیاسەتێکی دوژمنکارانە و عەقڵێکی شۆڤێنی و دوور لە یاسا بوو، ئەوە نەک دەستوور سەروەر نەبووە بەڵکو لێدانە لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان".

شاخەوان عەبدوڵڵا، راشیگەیاند: "سبەی هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆدەبێتەوە، باس لە ماددەکانی پشکی هەرێم و چەند بابەتێکی دیکە دەکرێن، ئێمە چاوەڕێین بە رێککەوتنێکی سیاسی ئەو دوو ماددەیە هەموار بکرێنەوە".

شاخەوان عەبدوڵڵا، دەشڵێت: "سەرکردەکانی شیعە لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییەی ماددەی 13 و14 نین".

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە بەغدا، گوتی: "پەیامی سەرۆک بارزانی گەیشتووەتە سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرکردەکانی دیکەی عێراق لەبارەی دەستکاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجە".

گوتیشی: "هەر د. فوئاد حوسێن و شاخەوان عەبدوڵڵا لەکۆبونەوەکەی سبەی هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەشدار دەبن".

هەواڵی پەیوەندیدار