ڕێگای سەرەکیی دینارتە چەمانکێ دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە

دینارتە -KDP.info- بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە ئاشکرای کرد، پڕۆژەی ڕێگای نەھلێ-چەمانکێ دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە و ھەردوو ناحیەی دینارتە و چەمانکێ پێکەوە دەبەستێتەوە، دەشڵێت، دوای تەواوبوونی ئاسانکاریی زۆر بۆ ھاووڵاتییانی ناوچەکە دەبێت.
سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ڕێگایەکی سەرەکی لە نێوان ھەردوو ناحیەی دینارتە لە سنووری قەزای ئاکرێ و ناحیەی چەمانکێ لە سنووری قەزای ئامێدی دروست دەکرێت، ڕێگاکە بۆ دەڤەرەکە گرینگە و ناوچەی نەھلێ و ئاکرێ بە پارێزگای دھۆک دەبەستێتەوە، خەڵکی ناوچەکە بە تەواوبوونی ڕێگاکە سوودمەند دەبن.''
بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە گوتیشی: ''پێشتر دیزاینی ڕێگاکە تەواو کراوە و چەند ڕۆژێکیش کاری تێدا کراوە، بەڵام بەھۆی کەمیی پارەی تەرخانکراو کارەکەی ڕاگیرابوو.''
سەربەست سەبری ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''پارەی پێویست بۆ پڕۆژەکە تەرخان کراوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا دوبارە دەست بە جێبەجێکردنی ئەو ڕێگایە دەکرێت، ھەتا گۆڕانکاری لە دیزاینی پڕۆژەکە کراوە و کیلۆمەترێک ڕێگاکە کورت کراوەتەوە، ئەوەیش دەبێتە ھۆی ئاسانکاری بۆ ھاووڵاتییانی سنوورەکە و گەیشتن بە سنووری دھۆک و چەمانکێ لە ڕێگایەکی نزیک و خۆشتر.''
قائید میرۆ




