لە سنووری قەزای بەردەڕەش کۆمەڵێک کارگەی پیشەسازی هەن و سوودێکی زۆری بە دەڤەرەکە گەیاندووە

بەردەڕەش -KDP.info- لە سنووری ناحیەی ڕوڤیا کۆمەڵێک گارگە دامەزراون بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی ناوچەکە و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ خەڵک کە بەشێکیان تەواو بوون و بەشێکیش کاری تێدا دەکرێت.
بەشار موشیر ئاغا، خاوەنی کارگەکان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێمە لە سنووری ناحیەی ڕوڤیای سەر بە قەزای بەردەڕەش حەوت کارگەمان هەیە کە لە بواری پیشەسازی و کشتوکاڵیدان و سوودێکی زۆری بۆ ناوچەکە هەبووە، هەم بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵ و هەم بۆ ڕەخساندنی هەلی کار، بۆیە بە بەردەوامی هەزار و500 کەس کار لەو کارگانە دەکات و مووچەشیان لە 350 هەزار دینار کەمتر نییە و سەرجەم مەرجەکانی سەندیکای کرێکارانیشمان جێبەجێ کردووە.''
بەشار موشیر ئاغا گوتیشی: ''بەشێک لەو کارگایانە تەواو بوون و بەشێکیشیان ساڵی داهاتوو تەواو دەبن، لەوانە کارگەی ئاوی ڕۆڤیان و کارگەیەکی خزمەتگوزاریی کەرتی نەوت و پڕۆژەیەکی پیشەسازیی کشتوکاڵی و کارگەیەکی گۆشت و کارگەیەکی پیاز و چەندین کۆگای ساردکەرەوە بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران و کارگەی جووتیار بۆ بەرهەمهێنانی فینگەر.''
ئاغا باسی لەوەش کرد: ''جگە لەوە، لە سەرجەم پڕۆژەکان پشت بە کرێکارانی خۆمان دەبەستین و نزیکەی 30 هەزار هەلی کاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆمان بۆ خەڵک ڕەخساندووە.''
بڵند ئیبراهیم




