لیوا عەبدولخالق: پێشمەرگە و سوپا ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجام دەدەن

هەولێر-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاشکرای کرد، داعش لە چەندین ناوچە خۆی حەشار داوە و دەشڵێ، ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق ھەماھەنگییان ھەیە و ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش دژی تیرۆریستانی داعش ئەنجام دەدەن.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکوومەتی ھەرێم لە فەرماندەیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لە ناوچەکانی تکریت و پشت کەرکووک و چیای حەمرین، بەردەوام چەکدارانی داعش تێیدا جووڵە دەکەن و جارجاریش ھێرش دەکەنە سەر ھێزە عێراقییەکان، شەھیدکردنی ھاووڵاتییەکی کوردیش لە گوێڕ، دەریخست داعش ھێشتا مۆڵگەی ھەیە لەو ناوچانە، پێشتریش چەندین ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لە نێوان پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان بۆ لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش بەڕێوە چوونە و چەندین شوێنی داعش خاپوور کراون.
نوێنەری حکوومەتی ھەرێم لە فەرماندەیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق گوتیشی، ئۆپەراسیۆنەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دژی داعش بەردەوامییان دەبێت، داعش ئامادەیی ھەیە لەو سنوورە و خۆیان حەشار داوە، لەبەر ئەوەش ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش دژی چەکدارانی داعش ئەنجام دەدەن بۆ پاککردنەوەی ئەو ناوچانە لە تیرۆریستانی داعش.
تەڵعەت ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ھەماھەنگی لە نێوان عێراق و ھەرێمی کوردستان ھەیە لەبارەی جووڵەکانی چەکدارانی داعش و ئەو شوێنانەی بوونەتە ھێلانەی داعش، دەبنە ئامانجی ھێزەکانی ئێمە و عێراق، بە تایبەتی لەو چوارگوشەیەی ئاماژەم بۆ کرد داعش تێیدا جووڵەی کردووە".
قائید میرۆ




