٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی ئەڵمانی دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە شاندێكی ئەڵمانی كرد و ڕایدەگەیەنێت: "جەختمان لە گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆی لەمساڵدا کردەوە".

ئەمڕۆ چوارشەممە 3/5/2023، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی هەژماری تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك، ڕایگەیاندووە: "ئەمڕۆ پێشوازیمان له‌ شاندێكى ئه‌ڵمانى كرد كه‌ پێكهاتبوو له‌ بەڕێزان یۆخن فلاسبارت، جێگری وه‌زیرى ده‌وڵه‌ت بۆ هاریكاریى ئابوورى و گه‌شه‌پێدان و ڤێرنه‌ر گاتسەر، جێگری وه‌زیرى ده‌وڵه‌ت بۆ كاروبارى دارایى."

سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بەوەش داوە: "‎له‌ كۆبوونه‌وه‌کەدا كه‌ بەڕێزان باڵوێزى ئه‌ڵمانیا له‌ عێراق و كونسوڵى گشتیى ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌ولێر ئاماده‌ى بوون، گفتوگۆمان لەبارەی پەرەپێدانی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌ڵمانیا و هه‌رێمى كوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی كوردستان و حکوومەتی فیدراڵی کرد."

مەسروور بارزانی ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "سوپاس و پێزانینمان بۆ پشتیوانیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان دەربڕی، بەتایبەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، هەروەها بۆ بەجێنۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژی ئێزیدییان، خواستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشمان بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەڵمانیا لە هەموو بوارەکاندا دووپات کردەوە."

سەرۆكی حكوومەت ڕوونیشی كردووەتەوە، كە هەر لە كۆبوونەوەكەدا، "جەختمان لە گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆی لەمساڵدا کردەوە."

مەسروور بارزانی دەشڵێت: "چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم، بە تایبەتی بە دیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و بارودۆخی کەمپەکانی ئاوارە و پەنابەران و زەوینەخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیان و گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکەمان بوون."

هەواڵی پەیوەندیدار