وەزارەتی کار: ئێستا رەوشی کرێکاران زۆر باشترە بەراورد بە پێشتر

هەولێر-KDP.info- بەرپرسێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرای کرد، لە ھەرێمی کوردستان ١٤٦ ھەزار کرێکار دەستەبەر کراون و تەنیا لە سێ مانگی ئەمساڵیشدا ھەشت ھەزار کرێکار دەسەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە و لەو ژمارەیەش ھەزار کرێکاریان بیانی بوونە.
نزمی مووسا، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بەپێی یاسا پێویستە ھەموو کرێکاران دەستەبەر بکرێن و مانگانە ١٧%ی کۆی مووچەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سندووقی دەستەبەری کار و لە کاتی خانەنشینیدا بۆیان خەرج دەکرێت، تا کۆتایی ساڵی رابردوو ١٣٨ ھەزار کرێکار لە ھەرێمی کوردستان دەستبەرییان بۆ کراوە و ئەمساڵیش ھەشت ھەزار کرێکار دەستەبەر کراون، کە لەو ژمارەیە ھەزار کرێکاری بیانی بوونە و حەوت ھەزاریش کرێکاری ناوخۆ".
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی گوتیشی: "بەردەوام لیژنەکانی ئێمە سەردانی شوێنی کار دەکەن بۆ ئەوەی کرێکاران دەستەبەر بکرێن و مافی کرێکاران بەپێی یاسای کار لە ھەرێمی کوردستان پارێزراو بێت".
مووسا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ئێستا رەوشی کرێکاران زۆر باشترە بەراورد بە پێشتر، چونکە ھەم ژمارەی ئەو کرێکارانەی دەستەبەر کراون زیادی کردووە، ھەمیش خاوەن کارەکان زیاتر پابەندی یاسان بۆ ئەوەی کرێکاران دەستەبەرییان بۆ بکرێت، بەردەوام خاوەنکار سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئێمە دەکەن بۆ ئەوەی پابەندی یاسا بن و خۆیان تۆمار بکەن".
قائید میرۆ




