بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوەی هەولێر: باشترین چارەسەر بۆ بارهەڵگرەکان ئەوەیە کە لە ڕێگای هەولێر-کەرکووکەوە هاتوچۆ بکەن

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوەی هەولێر گوتی، گلەییی خەڵک لەسەر خراپی ڕێگاوبان نییە، گلەیییەکەیان لە هاتوچۆی بارهەڵگرەکانە، بۆیە پارێزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو گرفتەدان و باشترین چارەسەریش ئەوەیە کە بارهەڵگرەکان لە ڕێگەی دووسایدی هەولێر-پردێ-کەرکووکەوە هاتوچۆی سلێمانی بکەن، ڕێگاکانی دیکە یەکسایدن و بەهۆی بارهەڵگرەکانەوە قەڵەباڵغ دەبن.
بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوەی هەولێر، هونەر نووری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەو گرفتانەی هەن زیاتر ئیدارین و ئەندازیاری نین و یەکە کارگێڕییەکان لێی بەرپرسن و دەتوانن گرفتەکان چارەسەر بکەن، بەڵام ئەگەر گرفتی ڕێگاوبان هەبێت ئێمە لێی بەرپرسیارین و چارەسەری دەکەین، بۆیە کردنەوەی دواخستنی ڕێگاکان پەیوەستە بە یەکە کارگێڕییەکانەوە و ئەوەی ئێستا نیگەرانیی لێ کەوتووەتەوە بەهۆی خراپیی ڕێگاوبان نییە و بەهۆی هاتوچۆی بارهەڵگرەکان بەو ڕێگایانەدایە، ئەمەش وەزارەتی ناوخۆ و یەکە کارگێڕییەکان ڕێنوێنییان دەکەن بە چ ڕێگایەکدا هاتوچۆ بکەن، بۆیە ئێستا پارێزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی ئەو گرفتە چارەسەر بکەن، ئەویش بە گەڕانەوە بۆ ڕێگای هەولێر-پردێ-کەرکووک کە دووسایدە و تەحەمولی ئەو لۆدە زۆرەی هاتوچۆ دەکات.''
هونەر نووری گوتیشی: ''چوار ڕێگا گرفتی لەسەر هەیە، ئەوانیش ڕێگای هەولێر بۆ کۆیە و ڕێگای هیران بۆ هیزۆپ و ڕێگای دۆڵی سماقوڵییە و ڕێگای بالیسانە، بۆیە خەڵک گلەیی لە هاتوچۆی بارهەڵگرەکان هەیە نەک خراپیی ڕێگاکان کە لۆدێکی زۆری لەسەرە، چونکە یەکسایدن، بۆیە داوا دەکەن بارهەڵگرەکان بەو ڕێگایانەدا هاتوچۆ نەکەن، بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە هاتوچۆی بارهەڵگرەکان لە ڕێگای هەولێر-پردێ-کەرکووک-سلێمانی، بۆیە هەوڵەکان بەردەوامن و ئەو گرفتە چارەسەر دەکەن و خەڵکیش پێویستە هەندێک دان بە خۆیاندا بگرن، چونکە هەندێک کاتی پێویستە بۆ ئەوەی گرفتەکە چارەسەر بکرێت.''
بڵند ئیبراهیم




