بەڕێوەبەرى بەنداوەکان: ئامادەین بۆ چاودێریی بەنداوەکان لە مەترسیی ئەو شەپۆلە بارانە بەخوڕەی پێشبینی کراوە

هەڵەبجە -KDP.info- هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە چاودێرى بەنداوەکان بکەین لەو شەپۆلى باران و لافاوەی ڕوو لە کوردستان دەکات.
لە ڕۆژانى ئایندە شەپۆلێک بارانى بەهێز ڕوو لە هەرێمى کوردستان دەکات و پێشبینى بەرزبوونەوەى ئاو و لافاوى لێ دەکرێت، بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى سەرچاوەکانى ئاو دەڵێت، هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە و چاودێریی بەنداوەکانمان دەکەین بە سەلامەتى دەربچین لەم شەپۆلى باران و لافاوەی کە پێشبینى دەکرێت بگاتە کوردستان.
ڕەحمان خانى، بەڕێوەبەرى بەنداوەکان لە وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "بەپێی ئەو داتایانەى لەبەردەستمانە لەسەر هاتنى شەپۆلێک بارانى بەلێزمە و لافاو ئامادەسازیى خۆمان کردووە، لە بەنداوە گەورە و بچووکەکان بۆ هەر ئەگەرێک و چاودێریکردنى بەنداوەکان و تێپەڕاندنى ئەو دۆخەى دێتە پێشەوە".
ڕەحمان خانى گوتى: "زۆربەى بەنداوە بچووکەکان ساڕێژ بوون، بەنداوە گەورەکانمان ڕێژەیەکى زۆر بەتاڵییان تێدایە کە تاکوو ئێستا ٤٠% ئاو لە بەنداوەکاندا هەیە و ٦٠%یان هێشتا بەتاڵە، بەردەوامیى ڕژانى ئاو بۆ بەنداوەکان لە شەپۆلى بارانبارینى ڕابردووەوە و هاتنى شەپۆلى نوێی بارانبارین کاریگەرییان هەیە بۆ بەرزبوونەوەى ڕێژەى داهاتى ئاو لە بەنداوە گەورەکانمان، بەڵام نابێتە هۆى پڕبوون".
دەشڵێت: "دەیان وێزگەى دیاریکردنى ڕێژەى ملیمى بارینى بارانمان هەیە، لە زۆربەیان ئەمساڵ زیاتر لە ساڵى ڕابردوو باران باریوە، ئاستى ئاوى بەنداوى دووکان لە ساڵى ڕابردوو کەمترە، بەڵام بەنداوى دەربەندیخان، یەک مەتر و نیو زیاتر ئاوى تێدایە، بەردەوام ئاستى ئاوى بەنداوەکانمان لە بەرز بوونەوەدان، ئێستا بەنداوەکانى کوردستان سێ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاویان تێدایە".
عەزیز ڕەسووڵ




