سبەی لایەنەکان و نوێنەری وڵاتان لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان کۆ دەکرێنەوە
__2023_04_04_h16m56s59__ER.jpg)
هەولێر -KDP.info- ڕاوێژکارێکی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، سبەی ئێوارە لەلایەن سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانەوە ئێوارەخوانێک بۆ لایەنە سیاسییەکان و نوێنەری وڵاتان بەڕێوە دەچێت و دەشڵێت، جگە لە ئێوارەخوانەکە دیداری دەبێت لە نێوان لایەنەکان.
زیرەک کەمال، ڕاوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بڕیارە ئێوارەی سبەی چوارشەممە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان میوانداریی لایەنە سیاسییەکان و نوێنەری وڵاتانی جیھان دەکات بۆ ئێوارەخوانێک، بەڵام دوای ئێوارەخوانەکەش دیدارێک لە نێوان لایەنەکان بەڕێوە دەچێت، مەبەست لەو ئێوارەخوانە کۆکردنەوە و لێک نزیککردنەوەی لایەنەکانە.''
ڕاوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گوتی: "ھەنگاوەکەی سەرۆکایەتیی ھەرێم کاریگەریی لەسەر پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکان دەبێت، بەتایبەتی ماوەیەکە دانوستان نەکراوە و دیدارەکە دەبێتە قۆناغێکی نوێ بۆ ئەوەی لە نزیکەوە یەکتر ببینن.''
زیرەک کەمال ڕوونی کردەوە: "نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ھەموو ھەوڵێکی بۆ ئەوەیە دانوستان لە نێوان لایەنە سیاسییەکان بەڕێوە بچێت و ھەموو ئەو کێشە و ناکۆکییانەی ھەن لە ڕێگەی دانوستانەوە چارەسەر بکرێن و بگەنە ڕێککەوتن بۆ کۆتاییھێنان بە ناکۆکیی نێوانیان.''
قائید میرۆ




