٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیامی مەسرور بارزانی بە بۆنەی پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای کار لە هەرێمی کوردستان

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە 01ـی 03ـی 2023 پەرلەمانی کوردستان پڕۆژەیاسای کار لە هەرێمی کوردستان پەسەندکرد، لەمبارەیەوە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له‌ په‌یامێكدا ڕایگەیاند: دەستخۆشی لە پەرلەمانی کوردستان دەکەم کە ئەمڕۆ بە کۆی دەنگ، (پڕۆژەی یاسای کار لە هەرێمی کوردستان)ی پەسەند کرد. هەروەها دەستخۆشی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ ئامادەکردنی ئەم پڕۆژەیاسا گرنگە و پێشکەشکردنی بە پەرلەمانی کوردستان.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

دەستخۆشی لە پەرلەمانی کوردستان دەکەم کە ئەمڕۆ بە کۆی دەنگ، (پڕۆژەی یاسای کار لە هەرێمی کوردستان)ی پەسەند کرد. هەروەها دەستخۆشی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ ئامادەکردنی ئەم پڕۆژە یاسا گرنگە و پێشکەشکردنی بە پەرلەمانی کوردستان. 

پیرۆزبایی لە کرێکارانی کوردستان دەکەم کە ئەم یاسایە، ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە پاراستنی مافەکانی کرێکاران بەگشتی و بەتایبەتی دەستەبەرکردنی مافەکانی کرێکارانی ئافرەت و نەهێشتنی هەموو جۆرە کارێکی زۆرەملێ و سنووردانان بۆ هەموو ستەم و چەوساندنەوەیەکی کرێکاران و نەهێشتنی کارکردنی منداڵان . 

هەروەها ئەم یاسایە، هەموو مافەکانی کرێکاران لە ڕووی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی و مافە یاساییەکانی کرێکاران دابین دەکات. ئەم یاسایە یارمەتی خاوەنکارانیش دەدات بۆ دۆزینەوەی کرێکاری گونجاو و ڕێکخستنەوەی هەلومەرجەکانی کارکردن و پەیوەندییەکانی کرێکاران و خاوەنکاران، لە سەر بنەمایەکی تەندروست و دادپەوەرانە.

پاراستنی مافی کرێکارانی کوردستان، بە تایبەتی ئەوانەی لە کەرتی تایبەت کار دەکەن، بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە پێناو پاراستنی مافە یاساییەکانیان و دابینکردنی داهاتووی کرێکارانی کوردستان. 

بەم بۆنەیە، پابەندبوونی خۆمان بە بەردەوامبوون لە سەر پاراستنی مافی کرێکاران و  کارکردن لە پێناو باشترکردنی دۆخی ژیانیان دووپات دەکەینەوە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار