دانیشتووانی هەڵەبجەی شەهید و هەورامان سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانیی بەرز دەنرخێنن

هەڵەبجەی شەهید: یوسف هەورامی
دوای ئەوەی بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی هەڵەبجەو دەوروبەری كرد كە هاوكات بوو لەگەڵ یادی 25 ساڵەی ئەنفال وجینۆسایدی دژ بەگەلی كوردستان، بەردی بناغەی چەند پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری دانا كەلەمێژوی دروستبوونی شاری هەڵەبجەوە شتی وای بۆ نەكراوە، هەربۆئەم مەبەستە چەند هاووڵاتییەكی دانیشتووی شاری هەڵەبجەو هەورامانمان بینی كە بەمجۆرە بۆمان هاتنە ئاخاوتن. سەرەتا چاومان كەوت بە لوقمان عەبدولقادر سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجەو گوتی: بەناوی سەرجەم كەس وكاری شەهیدانی كیمیاباران زۆرسوپاسی بەڕێز سەرۆكی حكوومەت ئەكەین بۆسەردانیكردنی شارەكەمان و چارەسەركردنی كیشەكانمان، بەتایبەت كێشەی نیشتەجێبوون، كەبڕیاریدا بەدروستكردنی 1000 خانوو بۆ وارسی یەك شەهید و هەروەها بەڵێنیدا كە هەفتەی داهاتوو بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەو گیروگرفتی كەس وكاری شەهیدان لەئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ بەڕێزیان كۆبوونەوەیەك بكەین، هەروەها بەڕێز سەرۆكی حكوومەت بڕیاریدا بریندارانی چەكی كیمیایی رەوانەی دەرەوە بكرێن بۆچارەسەركردنیان كەیەكیك بوو لە كێشە هەرە سەركییەكانی بریندارانی كارەساتەكە.
خاتوو سەبیحە - دایكی سێ شەهید بەچاوێكی پڕ لە فرمێسك و لەهەمانكاتدا بەخۆشحاڵییەوە بۆمان دواو گوتی: بەسەردانیكردنی بەڕێز كاك نێچیرڤان بارزانی ئیستا وائەزانم كە شەهیدەكانم زیندوبوونەتەوە كاتێك بینیم سەردانی مەزاری شەهیدانی كیمیابارانی كرد و لەگەڵ خەڵكی ناوچەكە كۆبوونەوەی كرد و گوێی لێگرتن و بڕیاریدا كێشەكانیان بۆچارەسەر بكات، لەخوای گەورە ئەپارێمەوە كەتەمەنی درێژبكات وبمێنێت بۆخزمەتكردنی تەواوی گەلی كوردستان.
حاجی حوسێن - تەمەن حەفتا ساڵ خۆشحاڵی دەربڕی بەسەردانەكەی سەرۆكی حكوومەت وگوتی: بەڕاستی ئەمڕۆ یەكێكە لەخۆشترین رۆژەكانی ژیانم كەئەبینم بەرێز كاك نێچیرڤان سەردانی شاری شەهیدان دەكات و بەڕوویەكی خۆش وپێكەنیناوییەوە لەگەڵ خەڵكی هەڵەبجە قسەدەكات و گوێ لەگیرو گرفتەكانیان دەگرێت و خزمەتی كەس و كاری شەهیدان دەكات، ئەو كاتانەم بیردەكەوێتەوە كەبارزانی نەمر هەمیشەو بەردەوام لەخزمەتی میللەتەكەیدابوو، بەبیستنی وتەبەنرخەكەی لەگەڵ دانیشتووانی ناوچەكە تەواوی كەس وكاری شەهیدانی خۆشحاڵ كرد و منیش ئیستا هەست دەكەم كەسەرۆكێكم هەیەو گوێ لەداواكاریەكانمان ئەگرێت.
سیروان عەلی گەنجێكی تەمەن 20 ساڵ بەم شێوە بۆمان دواو گوتی: بەسەردانیكردنی بەڕێز سەرۆكی حكوومەت زۆر خۆشحاڵم و هیوادارم ئەو پرۆژانەی بەڕێزیان بەردی بناغەی بۆداناوە بەزووترینكات و لەوادەی دیاریكراوی خۆیاندا تەواو بكرێن و لیژنەیەك هەبێت بەردەوام چاودێریان بكات، بۆئەوەی كەم و كورتی: نەبێت لەو پرۆژانەدا ئەگەر بێت و ئەو پرۆژانە بەتەواوی وبەهەستكردن بەلێپرسنیەوە و بەویژدانەوە جێبەجێبكرێن دڵنیام بەتەواوی رووخساری شاری هەڵەبجە ئەگۆرێت و ئاوەدانییەكی تەواو بەخۆیەوە دەبینێت، من وەكو گەنجێكی ئەم شارە تەنها داواكارییەك ماوە بیكەم لەسەرۆكی حكوومەت ئەویش ئەوەیە كەسەرۆكی حكوومەت هەوڵی تەواوی خۆی بخاتە گەر بۆبەپارێزگا بوونی شارەكەو زۆر سوپاس.




