٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

بەكر لەشكری بۆ خەبات: حكوومەتی هۆڵەندا لەوە دەترسێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوای قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی هەڵەبجەی لێ بكاتەوە

سەرچاوە: Xebat

بەكر لەشكری كەسایەتییەكی دیاری كوردە لە وڵاتی هۆڵەنداو چالاكوانێكی دیارو بەرچاویشەو لە زۆربەی چالاكییەكانی كورد لەو وڵاتەدا رۆڵی بەرچاوی بینیوە، خاوەن بڕوانامەی ماستەریشە لە بواری دەرفەتەكانی كار لە نێوان هۆڵەندا و كوردستان، هەروەها پەیوەندییەكی باشیشی بە كەسایەتییە ناودار و بازرگانەكانی ئەو وڵاتە هەیە. جگە لەوەش پسپۆریشی لە بواری دارایی بانك هەیەو لە بازرگانی نێودەوڵەتی و چالاكییەكانی كاریش لە بوارەكانی وەك كشتوكاڵ و خۆراك و دروستكردنی پەیوەندی لە نێوان چالاكییەكانی نوێنەرایەتی كار و بازرگانی كوردستان و هۆڵەندا زۆر چالاكە. خەبات لە بەسەركردنەوەیەكدا ئەم دیمانەیەی لەگەڵ بەڕێز بەكر لەشكری ئەنجام دا.
بازرگانیی نێودەوڵەتی و پسپۆری كشتوكاڵ
بەڕێز لەشكری كە ئێستا جگە لەوەی لە زۆربەی چالاكییەكاندا بەتایبەتیش لە كۆنفرانسەكانی تایبەت بە جینۆساید و بڕیاری دانانی مینۆمێنتی هەڵەبجە لە لاهای لەناو باخی دادگای نێونەتەوەیی جینۆساید رۆڵێكی گەورەی هەبووە، لەبواری بازرگانی و بانكیشدا خزمەتی گەورەی كردووە. لەمبارەیەوە بۆ خەبات گوتی: دواتر دەستم كرد بە كاركردن لە بانك و كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان بە مەبەستی پەروەردە، كارامەیی و ئەزموون وەرگرتن بۆ ئەوەی بتوانم خانەوادە هۆڵەندییەكەم و منداڵەكانم لە هۆڵەندا بەخێو بكەم. زۆر شانازی و سوسپاسگوزاری ئاراستەی وڵاتی هۆڵەندا دەكەم كە دەرفەتی پێداوم بۆ دامەزراندنی ئاژانسەكەم، ئاژانسی بەڕێوەبردنی كاتی كە بەهۆیەوە توانیم شارەزاییم بەرەو پێشەوە ببەم لە بوارە جیاجیاكانی لە زانكۆی ئای ئێم دی لۆزان بۆ قەیرانەكانی سەركردایەتی و گەشەی سوودمەند، دەستڕاگەیشتن بە بازاڕكردن لە زانكۆی ئینستید لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا. ئێستا من پسپۆرم لە بواری دارایی بانك و چەندین ساڵ ئەزموونم هەیە لە بازرگانی نێودەوڵەتی و چالاكییەكانی كار لە بوارەكانی وەك كشتوكاڵ و خۆراك و دروستكردنی پەیوەندی لە نێوان چالاكییەكانی نوێنەرایەتی كار و بازرگانی كوردستان و هۆڵەندا، هەروەها كارامەییم هەیە لە بوارەكانی دارایی و بەڕێوەبردن بۆ پیشەسازی هەمەڕەنگ وەكو ئاوەدان كردنەوە، بیناسازی، وزەی نەوت و گاز، تەلەفۆن و گەیاندن و ئای تی و دیپلۆماسی و ئابووری.
پەیوەندی كولتووری
سەرەڕای هەموو ئەمانەش بەكر لەشكری گرنگییەكی زۆری داوە بە پەیوەندی كولتووری لە نێوان هەرێمی كوردستان و هۆڵەندا. لەمبارەیەوە رایگەیاند: دوای چەندین دەیە ئەزموونم لە كەرتەكانی كار و بانكیی نیشتمانی و نێودەوڵەتی، ناوە ناوە بایەخیشم دەدا بە پێشخستنی پەیوەندی كار و كولتووری لە نێوان هۆڵەندا و كوردستان. كاری هەرە سەختیش لە نێوان ئەم دوو وڵاتە، متمانە، نرخ و كوالیتی جۆریە، چونكە حكوومەتی هۆڵەند وەكو هاوبەشێكی رەوا، دان بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان نانێت بۆ كاركردن و سیاسەت كردن بەبێ رەزامەندی حكوومەتی ناوەندی عێراق. حكوومەتی هۆڵەندا پشتگیری لە كۆمپانیای نەوتی شێڵ دەكات لەكاتێكدا شێڵ لە كوردستان كار ناكات، بۆیە حكوومەتی هۆڵەندا خوازیارە ئەو پەنابەرانەی مافی پەنابەرییان رەتكراوەتەوە رەوانەی عێراق و كوردستان بكاتەوە، ترسی حكوومەتی هۆڵەندا لەوەیە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوای قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی هەڵەبجە بكاتەوە، چونكە بازرگانانی هۆڵەندا تێوەگڵاون لە فرۆشتنی بەشێك لە چەكە كیمیاوییەكان بە سەددام حوسێن، بۆیە حكوومەتی هۆڵەندا زۆر ترسی لە بەرژەوەندییەكانیەتی لەگەڵ رێككەوتنە بازرگانییە دوو قۆڵییەكان لەگەڵ هەریەكە لە عەرەب و تورك، هەروەها كۆمپانیاكانی هۆڵەندی بەرژەوەندییان لەوەدایە تەنها پارە لە هەرێمی كوردستان بەدەست بێنن و ناخوازن لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان ئەنجام بدەن. دیپلۆماتی ئەلیكترۆنی پەیوەندیكاری هۆڵەندی ئەوەندە بەهێز نییە تا رۆڵی هەبێت لە نێوان كۆمەڵەی كوردی و هۆڵەندی، ئەویش لەبەر هەبوونی ئەزموونێكی كەم و بەرژەوەندیی جیاواز و لۆبییەكان.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەرگا یاخود پەنجەرەكان بۆ حكوومەتی هۆڵەندا ناكاتەوە لەبەرئەوەی هۆڵەندا هیچ رێككەوتنێكی زیندووی نە لەگەڵ عێراق و نە لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش نییە، بەڵكو لەبری ئەمە حكوومەتی هۆڵەندا برەو دەدات بە تەنگژە ناوخۆییە داراییەكەی خۆی، نەوەك چالاكتر بێت بۆ كار و پرۆژەكانی قەبارە بچووك و مامناوەندی. وتەیەك لە هۆڵەندی هەیە: تێچووەكان پێش بەرژەوەندییەكان دەكەون ئەگەر ئەوان نەیانەوێت لە كوردستان سەرمایەگوزاری بكەن ئەوا دەڵێم با كاری بازرگانی بۆ هۆڵەندا لە كوردستان قەدەغە بكرێت.
دروستكردنی پردی پەیوەندی لەنێوان هۆڵەنداو كوردستان دواجار بەڕێز لەشكری لەبارەی هەوڵەكانیان بۆ پتەوكردنی پەیوەندیی كولتووری و كار لە نێوان هۆڵەنداو هەرێمی كوردستان ئاماژەی دا: بێگومان هەوڵەكانمان زیاتر دەخەینەگەڕ بۆ مسۆگەركردن و قایل كردنی حكوومەتی هۆڵەندا و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەوەی پێویستییەكی زۆر هەیە بۆ دامەزراندن و دروستكردنی پرد لە نێوان هەردوو وڵات لەرێگەی ناردن و بەشداریكردنی سەرجەم پیاوانی كار و كولتووری بەبێ هیچ چەشنە جیاوازییەك یان پیشەنگییەك تاكو نەبنە هۆی لەدەستدانی متمانە و سیاسەتی كرانەوە و پێوەری دوو ئەوەندەیی. بۆیە ئێمە وەكو كۆمەڵەی كاری كوردی  هۆڵەندی هەر لە 2003 ـەوە كار دەكەین لە نێوان هۆڵەندا و هەرێمی كوردستان، كارئاسانی دەكەین بۆ پەیوەندی دوو قۆڵی و پەیوەندی بازرگانی راستەوخۆ لە نێوان هۆلەندا و باشووری كوردستان. ئامانجی كۆمەڵەكەشمان بریتییە لەوەی زانیاری پێشكەش بكەین سەبارەت بە دەرفەتەكان بۆ كۆمپانیاكانی كوردستان و كۆمپانیاكانی هۆڵەندی و بیانبەستینەوە بە تۆڕە بەرفراوانەكەمان لە هۆڵەندا و كوردستان. لە كوردستانی عێراق، داواكارییەكی زۆر هەیە بۆ هاوبەشانی متمانەپێكراو، بۆ ئەوەی بتوانن دەستەبەری بەردەوامی و جۆری كار بدەن. كۆمەڵەكەمان هەوڵ دەدات بۆ دابین كردن و داواكردنی دۆستایەتی و دەستپێشخەری نێوان كوردستان و هۆڵەندا.
هەروەها گرنگی بە شارەزایی، بایەخی تایبەت، ئەنجام و بەرهەم، سادەیی و پرۆژە تایبەتەكان دەدات.

هەواڵی پەیوەندیدار