15ـەمین ساڵیادی كوردستان تیڤی یەكەمین تەلەڤزیۆنی ئاسمانیی سەر خاكی كوردستان پیرۆز بێت

لە پانزەیەمین ساڵیادی دامەزراندنی كوردستان تیڤیدا، بە ناوی سەرنووسەر و تەواوی ستافی رۆژنامەی هەولێرەوە، پڕ بە دڵ پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەری گشتی و تێكڕای ستافی ئەو كەناڵە ئاسمانییە كوردستانییە دەكەین و، ئومێدمانە ئەم بۆنە پیرۆزە ببێتە وەرچەرخانێك بۆ هەنگاوی مەزنتر و پێشخستنی بواری تەكنیك و پەیام و تەواوی بەشە جیاوازەكانی ئەم شاشە سەنگین و خۆشەویستە، كە بەر لە پانزە ساڵ وەك یەكەمین كەناڵی ئاسمانیی كوردی لەسەر خاكی ئازاد و رزگاركراوی نیشتماندا هاتە مەیدان و، بووە پێشەنگی میدیای كوردستانی.
كوردستان تیڤی لە ماوەی رابردوودا، خاوەنی خەرمانێك لە كار و خزمەت و بەجێگەیاندنی پەیامی سیاسی و میدیایی و ئەركی نەتەوەیی و نیشتمانی بووە، هەروەك روانگایەی درەوشاوەی بەرجەستەكردنی پەیام و هەڵوێستە سیاسییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی سەرۆك مەسعود بارزانی بووە، هەر بۆیەشە بە شاشە راستگۆ و سەنگینەكە ناسراوە.
دامەزراندنی دەزگای سەتەلایتی كوردستان وەك یەكەمین تەلەڤزیۆنی ئاسمانی كە لەسەر خاكی كوردستان بەرنامەكانی پەخش بكات و پشت بە كادیری تەكنیكی و میدیاكارانی ناوخۆیی ببەستێت، رەهەند و مانای مەزنی لەگەڵ خۆیدا هێنا تا ئەو رادەیەی بە شۆڕشی سێیەم ناوزەد بكرێت، كوردستان تیڤی تێپەڕاندنی قۆناغی لۆكاڵییەت بوو لە میدیای كوردیدا، گۆڕانكارییەكی مەزنیش بوو لە كوردستاندا، دووبارە لە هاوكارانمان بەرز و پیرۆز بێت یادی كوردستان تیڤی.




