كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا گفتوگۆ له‌باره‌ی ناساندنی جینۆسایدی هه‌ڵه‌بجه‌وه ده‌كاته‌وه

ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئه‌مریكا، له‌دانیشتنێكی تایبه‌تدا، خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ به‌جینۆسایدناساندنی تاوانی هه‌ڵه‌بجه ئه‌نجامداوه، بڕیاریشه له‌داهاتوودا ئه‌وپرسه یه‌كلایی بكاته‌وه.
(ئاراس عابد) جێگری سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه به ڕادیۆی ناوخۆی ڕاگه‌یاندووه ، دوای ئه‌وه‌ی ساڵی ڕابردوو، له‌سه‌ربودجه‌ی پارێزگای سلێمانی، ژماره‌یه‌ك له‌كه‌سوكاری كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه بانگهێشتی ئه‌مریكا كران‌و سه‌ردانی كۆشكی سپی‌و ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئه‌و وڵاته‌یان كرد، له‌و دیدارانه‌ی كه له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی كۆشكی سپی‌و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا ئه‌نجامیاندا، ژماره‌یه‌ك به‌ڵگه‌و دۆكیۆمێنتیان خستووته‌ڕوو، هاوكات داوایانكردووه كه‌یسی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه به‌جینۆساید بناسێنن.
هه‌روه‌ك باسی ئه‌وه‌شی كردووه كه دوای وه‌رگێڕانیان بۆ سه‌رزمانی ئینگلیزی، به‌ڵگه‌و دۆكیۆمێنته‌كان پێشكه‌شی ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئه‌مریكا كراون.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، خۆشبه‌ختانه به‌نوێنه‌رایه‌تی شاندێكی زانكۆی (تێمپڵ)ی ئه‌مریكی، ئه‌مڕۆ سه‌ردانی هه‌ڵه‌بجه‌یان كردووه، وتیشی:"ئه‌نجومه‌نی پیران، دانیشتنی یه‌كه‌می بۆ به‌جینۆسایدناساندنی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه ئه‌نجامداوه‌و به‌ڵگه‌و دۆكیۆمێنته‌كانیشیان هێناوه‌ته‌وه بۆ مۆنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه".
ڕونیشی كرده‌وه، له‌دانیشته‌كانی داهاتووی ئه‌نجومه‌ن پیراندا، بڕیار له‌سه‌ر به‌جینۆسایدناساندنی كه‌یسی هه‌ڵه‌بجه ده‌درێت، بۆیه زۆر پێویسته حكومه‌تی هه‌رێم، به‌گرنگییه‌وه بڕوانێته ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ئه‌مریكاو به‌وردی چاودێری ئه‌و كه‌یسه بكات‌و لۆبی بۆ دروستبكات.




