دەوڵەتی كوردی دادەمەزرێـت و دەبێت واشنتۆنیش پشتگیریی لێ بكات

میدیا جیهانییەكان بە بایەخەوە باس لە پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دەكەن. گۆڤاری پیتس بێرگ پۆست گازێت ئەمەریكیش دەنووسێت، دەوڵەتی كوردی دادەمەزرێت و دەبێت واشنگتۆنیش پشتگیری لێبكات.
وەرگێڕان: عەلی هەورامی
گۆڕانكارییەكان لە بەرژەوەندی گەلی كورددان
گۆڤاری "پیتس بێرگ پۆست گازێت"ی ئەمەریكا ڕاپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە كە گۆڕانكارییەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندی گەلی كورددا كۆتایییان دێت. گۆڤارەكە نووسیویەتی لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا چەندین گۆڕانكاری ناوچەكەیان گرتەوە و تەواوی پێشهاتەكانیش ئەوە دەردەخەن گەلی كورد لە بەدەستهێنانی ئامانجەكانی نزیك دەبێتەوە و خەریكە دەبێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی.
لە بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، لە پاش جەنگی یەكەمی جیهانی خاكی كوردان بە سەر عێراق و ئێران و سوریا و توركیادا دابەش كرا و حكوومەتی ئەم وڵاتانەش بۆ ماوەی چەندین دەیە بە چەندین شێوە ئەم گەلەیان چەوساندەوە و هەموو كارێكیان كرد بۆ ئەوەی ڕێگا نەدەن كورد بە مافەكانی خۆی شادبێت، بەڵام ماوەی دوو دەهەیە گۆڕانكارییەكان لە بەرژەوەندی ئەم گەلەدان.
شەڕهکهی كوەیت لە سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوودا بووە هۆی ئەوەی كوردەكانی باشووری كوردستان بتوانن ناوچەیەكی بەرفراوان لە خاكی هەرێمەكەیان بخەنەوە ژێر كۆنترۆڵی خۆیانەوە.
ڕهوتی ڕزگاری عێراقیش لە ساڵی 2003دا یارمەتیدەرێكی باش بوو بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان پێگەیەكی دەستوری و یاسایی متمانەپێكراو لە ناو عێراقی نوێدا بە دەست بهێنێت. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوویشدا هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكانەوە پێشكەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە و پێشهاتەكانیش ئەوە دەردەخەن كە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبن.
شەڕی ناوخۆی سوریا و سیاسەتی نوێی حكوومەتی توركیا
گۆڤارە ئەمەریكاییەكە نووسیویەتی، قەیرانی سوریاش درێژەی هەیە و ئەوەش لە بەرژەوەندی گەلی كوردی ئەو وڵاتەدایە. لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ڕژێمی (بەشار ئەسەد) زۆر لاواز بووە و دەرئەنجامی شەڕی ناوخۆی سوریاش ئەوە بووە كە كوردەكان ناوچەیەكی بەرفراوان لە خاكی ڕۆژئاوای كوردستانیان خستووەتە ژێر كۆنترۆڵی خۆیانەوە.
لە هەمان كاتیشدا حكوومەتی توركیا تەواوی هەوڵی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی بتوانێت لە ڕێی دیالۆگ و ئاشتی و دیموكراسییەوە كێشەی كوردی وڵاتەكەی چارەسەر بكات.
پاشانیش، سیاسەتی سەركەوتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ــ بە تایبەتی لە بواری نەوت و گازەوە ــ یارمەتیدەرێكە بۆ ئەوەی وڵاتان بە شێوەیەكی گشتی و توركیا بە شێوەیەكی تایبەتی پشتگیری لە ئەزموونی دەسەڵاتداریی هەرێمی كوردستان بكات و بێگومان ئەم ڕووداوانەش واتای ئەوە دەگەیەنن كە كوردەكان لە گەیشتن بە ئامانجی خۆیان نزیك دەبنەوە- كە بوون بە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆیە.
واشنگتۆن و پشتگیریكردن لە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی
گۆڤاری "پیتس بێرگ پۆست گازێت"ـی ئەمەریكا نووسیویەتی، گۆڕانكارییەكی سروشتی داهاتووی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی دەبێت و زۆر پێویستە بەرپرسانی ئەمەریكاش لەم ڕاستییە تێ بگەن و بە هیچ شێوەیەكیش دژایەتی دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە نوێیە نەكەن.
ئەمەریكا لە ماوەی دوو دەهەی ڕابردوودا بە چەند شێوەیەك یارمەتیی گەلی كوردی داوە و پێویستە ئێستایش لەسەر ئەم یارمەتیدانەی بەردەوام بێت. پاشانیش، دەبێت بەرپرسانی كۆشكی سپی واز لەو تێڕوانینە بهێنن كە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی لەسەر حیسابی یەكپارچەیی خاكی عێراق دەبێت؛ کهواته ڕهوتی ڕزگاری عێراق دەرئەنجامێكی ئەوتۆی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا نەبووە. گۆڤارەكە نووسیویەتی، چەندین كۆمپانیای ئەمەریكی ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا خەریكی كاری وەبەرهێنانن و دەبێت واشنگتۆنیش پشتگیری لەم جۆرە چالاكیانە بكات.
نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
هاوكات ڕۆژنامەی "زە ئەرمینیان میرەر سپێكتەیتەر"ی ئەمەریكا ڕاپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە که باسی بارودۆخه تایبەتهکهی ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قەوقاز دهکات. گۆڕانكارییەكان زۆر بە خێرایی تێپەڕ دەبن و ئەو وڵاتانەش كە ڕۆڵ لەم گۆڕانكاریانەدا ناگێڕن دەبنە هێزی دۆڕاو.
ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، دوو مانگ پێش ئێستا ڕۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی ڕاپۆرتێكی بڵاو كردەوە و تیایدا نەخشەیەكی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەر بنچینەی دابەشبوونی ئایینی و ئیتنی ناوچەكە بڵاو كرایەوە. بەرپرسانی ڕۆژئاوا دەیانەوێت چی دیكە دیكتاتۆری وەكو (سەدام حوسێن) و (معەمەر قەزافی) و (بەشار ئەسەد) لە ناوچەكەدا نەمێنن، چونكە ئەو سەركردانە بۆ ماوەی چەندین دەیە كێشەی گەورەیان بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا دروست كرد.
رۆژنامەكە لە بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەدا نووسیویەتی، واز لە پلان و ستراتیژییەتی ڕۆژئاوایش بهێنە. ئەو شتەی كە دەیبینین هەوڵی پێكهاتە جیاوازەكانە بۆ سودوەرگرتن لەو بارودۆخەی ناوچەكەی گرتوەتەوە تاكو گۆڕانكارییەكان لە بەرژەوەندی خۆیان كۆتایی پێ بهێنن.
یەكێك لەو پێكهاتانەش گەلی كوردە، كە لە ماوەی چەندین دەیەی ڕابردوودا خاكەكەی بە سەر چوار وڵاتدا دابەش كراوە و بە چەندین شێوەش چەوسێنراوەتەوە. گەلی كورد خەباتی زۆری بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی كردووە و وادیارە ئێستاش كاتێكی لەبارە بۆ ئەوەی ئەم گەلە بە مافەكانی شاد بێت.




