فازڵ میرانی بۆ "شەرقییە نیوز": گەلی نادیموكرات حكوومهتی دیموكرات ناهێنێتە دی

سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان فازڵ میرانی، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ كەناڵی "شەرقییە نیوز" لە میانەی بەرنامەی (من كوردستان)، ئاماژەی بە چەندین پرسی گرنگی پەیوەست بە بارودۆخی نێوخۆیی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە بە گشتی كرد.
لەسەر ئاستی عێراقدا حزبە كوردستانییەكان لە یەك بەرەدان
فازڵ میرانی ڕایگەیاند كە هەر جیاوازییەك لە نێوان حزبەكانی كوردستانی عێراق هەبێت، ئەوا تەنیا جیاوازیی بیروڕا و ڕێبازی گشتیی حزبەكانە لە ڕووی دیدی ئەوان بۆ شێوازی حوكم و، ڕوونیشی كردەوە كە لە بارودۆخی ئێستا هەندێك حزب هەن دەیانەوێ بچنە نێو بەرەی سەركردایەتیكردن چ لە كوردستان و چ لە عێراق. میرانی هەروەها دووپاتیشی كردەوە لەسەر ئاستی عێراق حزبە كوردستانییەكان لە یەك بەرەدان. فازڵ میرانی جەختیشی كردەوە كە لە ئەنجامی دابەشبوونی كورد لە نێوان چوار دەوڵەت لە هەر پارچەیەكدا كورد شێوازێكی لە نەریتی ئەم گەلانە وەرگرت لە ڕووی زمان و شێوازی رەفتار و زۆر شتی دیكە و گوتی "خابوور بە نێو جزیرە و زاخۆ و دهۆكدا دێت، یەك هۆز لە نێو كوردستانی عێراق و كوردستانی توركیا رەنگە دابەش كرابن و هەر یەكە و رەفتاری خۆی هەبێت.
پارتە سیاسییە كوردییەكان خاوەنی ئەزموونێكی دەوڵەمەندن
سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دەشڵێت كە پارتە سیاسییە كوردییەكان لە كوردستانی عێراق خاوەنی ئەزموونێكی دەوڵەمەندن و سوودیان لە زۆر حزبی نێو بزاڤی نیشتیمانیی عێراقی وەرگرتووە. گوتیشی كە حزبی بەعسیش لە كۆنگری هەرێمایەتیی حەوتەمی خۆی دووپاتی لەسەر مافی كورد كردەوە و ئەم مەسەلەیەش لە ڕێگەی لیژنەیەكەوە ئاماژەی پێكرا و بۆ هەموو لایەك پێشكەش كرا و لە ئەنجامدا لە 11/3/1970 رێككەوتنی ئاداری لێ كەوتەوە كە یەكەمین جارە لە مێژوودا شتی وابكرێت و ئاسۆی گەورەی لە بەردەم پێكەوەژیانی ئاشتیانەدا كردەوە و رێگەی لە دروستبوونی شەڕی كورد و عەرەب گرت، هەروەها لە بەشەكانی دیكەی كوردستانیش پێشكەوتنەكان وەكو ئەوەی لە كوردستانی عێراقدا بووە، نەبیندراوە.
نائینسافییە بارودۆخی ئێستای كورد و هی سەردەمی بەعس بەراورد بكرێن
فازڵ میرانی دووپاتی كردەوە نائینسافییە كە بارودۆخی ئێستای كورد و هی سەردەمی بەعس بەراورد بكرێن، چونكە هیچ سیستەمێكی نادیموكراسی ناتوانێ بارودۆخی عێراق چارەسەر بكات. هاوكات دووپاتی كردەوە كە دوای رێككەوتنی 11ی ئادار هەوڵی تیرۆركردنی بارزانی درا و رێبازی بەعەرەبكردن و بەبەعسیكردن بەردەوام بوو، بەڵام كورد سوودی لەو ڕێككەوتنە وەرگرت و بووە خاوەنی 5 وەزارەت و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە و سەرۆكی یەكە ئیداری و پارێزگارەكان لە كورد بوون و كوردستان بووژانەوەیەكی بەخۆیەوە بینی و پارتیش سوودی زۆری وەرگرت و ئەوكات كە تاكە حزب بوو چەندین رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی دامەزراند.
گەلی نادیموكرات حكوومەتی دیموكرات ناهێنێتە دی
میرانی دووپاتیشی كردەوە كە رژێمی عێراق بە پشتكردن لە رێككەوتنی 1970 وای كرد جارێكی دیكە شەڕ بەرپا ببێتەوە تا گەیشتە بارودۆخی ئەوەی بەشێك لە خاكی عێراق بداتە ئێران بەڵام ئێستا بارودۆخ جیاوازە لەوەی 1970 و دیموكراسییەت بوونی هەیە و ئێمە لە وڵاتێكی فیدراڵیداین. ئەوەشی نەشاردەوە كە زۆر لایەن هەن كە بە دیموكراسی ناو دەبردرێن، بەڵام دەنگی زۆر ناهێنن و پێچەوانەكەیشی راستە، بۆیە دووپاتی كردەوە كە گەلی نادیموكرات حكوومەتی دیموكرات ناهێنێتە دی هاوكات هەبوونی جیاوازی لە بیرو ڕا و بۆچوون بە شتێكی ئاسایی لە قەڵەم دا.
مافی چارەنووس بۆ كورد تاوان نییە
فازڵ میرانی دووپاتی كردەوە كە ئەم مافە تاوان نییە بۆ كورد، بەڵكو مافی هەموو گەلێكە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، كوردیش ئەو مافەی هەیە بە هەر شێوەیەك بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، نەوەكو گەلانی دیكە لە جیاتی كورد بڕیار بدەن، وەك چۆن عەرەب رێگەی نەدا ئەمەریكا و ئینگلیز ئەو بڕیارە بدەن و، دووپاتی كردەوە كە تەنها عەرەب بە پرسی بڕیاردانی چارەنووس قەڵس دەبێت و تا ئێستاش فیدراڵیزم بە داخەوە لە هزری زۆر كەسدا بە جیابوونەوە لە قەڵەم دەدرێـت، لە كاتێكدا دەیەها دەوڵەت ئەمڕۆ لە فیدراڵیزمدا دەژێت و نموونەی بە ئیماراتی عەرەبی هێنایەوە، وەكو دەوڵەتی فیدراڵی و نیشانی دا هەڵە تێگەیشتنێك لە بارەی مافی بڕیاردانی چارەنووس هەیە، چونكە هەموو بڕیاردانێك لە چارەنووس راگەیاندنی دەوڵەت نییە، ئەگینا كورد دەیتوانی سەربەخۆیی رابگەیەنێت. میرانی هەروەها ئەو پرسیارەی خستە ڕوو كە لەبەر چی بۆ گەلی فەلەستین ئاساییە باس لە بڕیاردانی چارەنووسی بكرێت و بۆ كورد مایەی هەستیارییە؟ میرانی دووپاتیشی كردەوە كە پارتی لە دوایین كۆنگرەی خۆی ئەو چەمكەی كردە بنەمای كاركردنی و لەنێو بەرنامەی حزبدایە و كاردانەوە نییە و نیشانی دا هیچ هێزێك نییە كاتێكی دیاریكراومان بۆ دیاری بكات بۆ مومارەسەكردنی مافەكانمان و كوردیش هەر بڕیارێك بیدات دەبێ بە دیراسەكردنی فاكتەری خودی و بابەتی بێت.
توانای سەربازی مەرج نییە سەركەوتنی سیاسی بەدەست بێنێت
سكرتێری مەكتەبی سیاسی راگەیاندنی ئیدارە نێوخۆییەكانی رۆژائاوای كوردستانی بە رووداوێكی مێژوویی زانی، بەڵام پێی باش بوو بە تەفاهوم بوایە لەنێو حزبەكان و بە شێوەیەكی نووسراو بكرێت و نیشانی دا كە پارتی لە دژی نەوەستا، بەڵام پیرۆزباییشی لێ نەكرد، ئاماژەی بەوەش دا ئەمڕۆ سووریا لەلایەن رژێمێكی دیكتاتۆرییەوە حوكم دەكرێت و ئۆپۆزیسیۆنیش بەسەر دوو بەرەوە دابەش كراوە و، گوتیشی كە ئەو حزبەی ئەو رەفتارەی كرد خۆی بەرپرسە لەوەی ئایا بەردەوام دەبێت یان نا، چونكە توانای سەربازی مەرج نییە سەركەوتنی سیاسی بەدەست بێنێت.
سەردانەكانی سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی بۆ توركیا بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی هەرێمە
فازڵ میرانی ئاماژەی بەوەش دا كە مافی توركیا نییە تێكەڵی ئەم مەسەلەیە بێت، چونكە مەسەلەكە لە سووریایە و نەیشاردەوە ئەو ئەزموونە بە دیدی توركیا بەردەوامبوونی ئەزموونی كوردستانی عێراقە. ئاماژەی بەوەش دا سەردانەكانی سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی بۆ توركیا بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی هەرێمە لەگەڵیان و ئەوەی خستە ڕوو كە كوردستانی عێراق پاڵپشتی مافی كورد دەكات، بەڵام شەڕی رژێمەكان ناكات و رێگەش نادات گەلی كورد بچەوسێندرێتەوە.
كۆنگرەی نەتەوەیی كورد
میرانی نیشانی دا كە سێ ساڵ لەمەوبەر كار بۆ گرێدانی كۆنگرەی نەتەوەیی كرا بە مەبەستی ئەوەی حزب و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان بگەنە ئەنجامێك بۆ ژیانێكی سیاسیی دیموكراسیی تەندروست و بە چارەسەركردنی پرسی كورد لەنێو هەر پارچەیەكی كوردستان بەپێی تایبەتمەندیی ئەو پارچەیەوە. نیشانیشی دا پەرەسەندنە سیاسییەكانی ئەمڕۆ وایان كرد كۆنگرە دابەش بكرێت، چونكە تەمومژاویی لەبارەی بارودۆخی كوردەوە هەیە لەم شوێنانە، بۆیە ئەم كۆنگرەیە دوا خرا.
پێكهێنانی كابینەی هەشتەم
فازڵ میرانی لەو دیمانیەدا دەڵێت كە پێكهێنانی حكوومەت راستە دوا كەوت، بەڵام نەك تەنها كوردستان و تەنها عێراق پێكهێنانی حكوومەت تیایدا دوا كەوتووە، بەڵكو لە بەلجیكا و ئەڵمانیاش ئەم پرۆسەیە دوا كەوت و، نیشانی دا كە حزب و لایەنە سیاسییەكان لە كوردستاندا زۆرن و هەموویان بە ئەنجامی هەڵبژاردن رازی بوون و ئەو حزبانەی لە ئۆپۆزیسیۆن بوون دەیانەوێ بەشداری حكوومەت بكەن، گوتیشی كە پارتی هەمیشە خۆی بە زەمانەت بۆ هێنانەدیی فرەیی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی دەزانێت و پارتی ئێستا دەیەوێ هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان كۆ بكاتەوە بە نەتەوەكانی كوردستانیشەوە كە پێگەیان بە كورسی ناژمێردرێت جا كورسیی پەرلەمانیان هەبێت یان نا.
پارتی هیچ كاتێك نیگەران نییە لەوەی هەر حزبێك گەشە بكات
سكرتێری مەكتەبی سیاسی هەروەها ئەوەی خستە ڕوو كە پارتی ئامادەیە بۆ كۆتاییهێنان بە پرسی پێكهێنانی حكوومەت تا 15ی ئەم مانگە، نیشانیشی دا گەشەكردنی بزووتنەوەی گۆڕان شتێكی ئاساییە، چونكە هەموو حزبێك لە دونیا قابیلی گەورەبوون و بچووكبوونی هەیە و لەهەر ئەدایەكی سلبیدا پێویستە حزب خۆی لەگەڵ لایەنگرانیدا قسە لەمبارەیەوە بكات و دووپاتی كردەوە پارتی هیچ كاتێك نیگەران نییە لەوەی هەر حزبێك گەشە بكات و نیشانیشیدا كە پارتی لەگەڵ یەكێتی بە رێككەوتنێكی ستراتیژییەوە پەیوەستن، بەڵام یەكێتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە تەنیا دابەزین و هەروەها لە پارێزەران، هەروەها رەخنەشیان لە رێككەوتنی ستراتیژی گرت و بە هۆكاری بارودۆخی ئەمڕۆی یەكێتییان دانا و جەختی لەسەر پێویستیی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە بە تەواوی كردەوە بە بێ ئەوەی ئەوەی بە دڵی بێت هەڵیبژێرێت.
بەغدا و هەولێر لەسەر پرسی نەوت ڕێك كەوتوون
سكرتێری مەكتەبی سیاسی ڕایگەیاند كە بەغدا و هەولێر لەسەر پرسی نەوت رێك كەوتوون و نیشانیدا كە نەوتی هەرێمی كوردستان نێردراوەتە بەندەری جیهانی توركی و ئێستا ناكۆكی لەبارەی داهات و چۆنێتیی گەیشتنی و كۆمپانیاكانەوە هەیە و نیشانیشی دا شەهرستانی دەبووایە بێتە كوردستان، بەڵام بە هۆی كۆچی دوایی براكەی نەیتوانی بێت. میرانی ڕوونیشی كردەوە كە پێویستە هەموو عێراق سوود لە سامانی سرووشتیی ئەم وڵاتە وەربگرێت و دووپاتی كردەوە كە كورد هەڕەشە قبووڵ ناكات و بە هەڕەشەی كەس ناهەژێت و نیشانیدا ئەوەی هەڕەشە لە كورد دەكات یان ئەوەیە لە ڕووی دەروونییەوە نیگەرانی هەیە یانیش پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بۆ خۆی دەكات یانیش ئەوەیە تا ئێستا لە عەقڵییەتی حكوومەتی مەركەزیدان و نازانن گۆڕانكاری لە عێراقدا هەن و چوونی سەركردەكانی كوردی بۆ بەغدا بە شتێكی ئاسایی لە قەڵەم دا و دووپاتی كردەوە كە ئەگەر جیاوازیی بیروڕاش هەبن ئەوا هاوبەشییەكان زیاترن.
حكوومەت و دەوڵەتان ناكرێ بە شێوەیەكی سەربازی بەرپەرچی عێراقییەكان بدەنەوە
فازڵ میرانی ڕەتی كردەوە كە تەنها سوننە تیرۆریست بن و تیرۆر لە شوێنی ئەوانە بە تەنها و نیشانی دا هەڵەكە لەوە دەستی پێكرد كاتێك سوپای عێراق بە شێوەیەكی توندوتیژانە پەلاماری مانگرتووانیان دا بەوپێیەی كە عێراق ئیدیعای دیموكراسییەت دەكات و مانگرتن و خۆپیشاندانیش مافی سەرەكیی هاووڵاتیانە و دووپاتی كردەوە كە حكوومەت و دەوڵەتان ناكرێ بە شێوەیەكی سەربازی هاودژیان بكەن، چونكە بەو چارەسەرییە هەمووان دۆڕاو دەبن.




