سەید بەهادین محەمەد: لە دادگای شۆڕش بە سەرۆکایەتیی بارزانیی نەمر مافی مرۆڤ و ئاژەڵ پارێزراو بوو

هەڵەبجە -KDP.info- ئەمڕۆ 44 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر کۆچی دواییی مستەفا بارزانی، سەرکردەی شۆڕشی بزافی ڕزگاریخوازی کورد کە لەژێر دەسەڵات و حوکمڕانیی شۆڕشەکەیدا ئاژەڵەکانیش مافیان پارێزراو بووە.
سەید بەهادین محەمەد، بەرپرسی هێزی خەبات و پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول، وەک خۆی دەڵێ نزیک لە مەلا مستەفا بارزانیی نەمر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "من لە کاتی شۆڕش زۆر نزیکی مەلا مستەفا بووم، ئەو کاتەی لە ئەمەریکا نەشتەگەریی بۆ کرا وێنەیەکی ئەو ڕۆژەم دەست کەوت، چەند ڕۆژێک پاش نەشتەگەرییەکەی ڕادیۆکەم داگیرساند، لەسەر ڕادیۆی ئیسرائیل بوو هەواڵی کۆچی دواییی بارزانیی نەمری خوێندەوە، بڕوام نەکرد و میلی ڕادیۆکەم گۆڕی بۆ ڕادیۆی مەتیکالۆ، ئەویش لە هەواڵەکانیدا هەواڵی کۆچی دواییی بارزانیی نەمری خوێندەوە، ئەوەندە نیگەران بووم ڕادیۆکەی دەستتم فڕێ دا و بڕیارم دا ئیدی گوێ لە ڕادیۆ نەگرم، کورد بەگشتی ماتەمیان دەگێڕا، سەرکردەیەکی کارێزمایان لەدەست دا".
سەید بەهادین دەڵێت: "لە حاجی ئۆمەران ڕۆشتمە لای بارزانیی نەمر، ڕێکەوتننامەی 11ی ئادار بوو، لێی پرسیم هیچت بۆ کراوە سەید، لە وەڵامدا گوتم نەوەڵا قوربان، عەبدولوەهابی بانگ کرد و پێ گوت، هەرچی پێویستە بۆی بکەن، شەش خانوویان بۆ نووسیم، بارزانیی نەمر سەرکردەیەکی دادپەروەر بوو".
زیاتر دەڵێت: "بارزانی حوکمڕانییەکی زۆر دادپەروەرانەی پەیڕەو دەکرد، مافی مرۆڤ و ئاژەڵ لە دادگاکانی شۆڕشدا پارێزراو بوون، تەنانەت لەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی شۆڕشدا بوون، ڕاوکردن قەدەغە بوو، هەرکەس لە کاتی ڕاو بگیرایه سزای توند دەدرا".
لە بارەگای تایبەتی بووین لە گەڵاڵە، لە کەرکووک پۆلیسێ هاتە خزمەت بارزانی، زۆر دەترسا، بارزانی پێ گوت مەترسه من و تۆ هەردووکمان مرۆڤین، چی تۆی هێناوە بۆ ئێرە، لە وەڵامدا گوتی، قوربان خانووەکەم داگیر کراوە، پێی گوت باشە دادگایەک نەبوو حەقت وەرگرێتەوە؟ گوتی ناوەڵا قوربان، پێی گوت، سبەی ئەم کاتانە خانووەکەت وردەگریتەوە، بارزانیی نەمر زۆر دادپەروەر بوو، بەتایبەت بۆ فەقیر و هەژاران".
عەزیز ڕەسووڵ




