شاندێکی حزبی شیوعی سەردانی مەکتەبی سیاسی پارتی کرد

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام، فازل میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی، پێشوازی لە شاندێکی حزبی شیوعی چینی بە سەرۆکایەتی (ژو روی) جێگری وەزیری پەیوەندییەکانی دەرەوە و گەشەپێدانی حزبی شیوعی چینی کرد.
لە دانیشتنەکەدا کە سیداد بارزانی و مەحمود محەمەد و ئامینە زکری و زاگرۆس فەتاح ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و، جەعفەر ئیبراهیم ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی گشتی پارتی ئامادەی بون، فازل میرانی وێڕای زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوان، خۆشحاڵی سەرکردایەتی سیاسی پارتی دەربڕی بەم سەردانە گرنگە، کە لەلایەن حزبی شیوعی چینی ئەنجام دەدرێت لە هەرێمی کوردستانی.
هەروەها فازل میرانی پەیوەندییەکانی نێوان حزبی شیوعی چینی و پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرکەوتوویی وێنا کرد و، هیوای خواست هەردوولا پەرە بەم پەیوەندییانە بدەن، کە لە خزمەت هەردوولادا بن.
دیسان میرانی دوپاتی کردەوە، کە کوردستان پێویستی بە کۆمپانیاکانی بیانییە بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە بواری وەبەرهێناندا و رێگا خۆشکەر بۆ ئەم چەندە فەراهەمە لە هەرێمی کوردستان، هەروەها میرانی تەئکیدی کرد، کە پارتی بە گرنگییەوە دەڕوانێتە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حزبی شیوعی چینی و بە ئاست بەرز لە قەڵەمیدا.
لەلای خۆیەوە (ژو روی) سەرۆکی شاندی حزبی شیوعی چینی، سوپاسی سەرکردایەتی پارتی کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لێیان کرا و، پیرۆزبایی حیزبی شیوعی چینی گەیاندە سەرکردایەتی پارتی بەبۆنەی ئەنجامدان و سەرکەوتنی کۆنگرەی ١٤ی پارتی و، دووبارە هەڵبژاردنی سەرۆک مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی پارتی و هەردوو جێگرەکەی.
هەروەها (ژو روی) سەرۆکی شاندی حزبی شیوعی دوپاتی کرد، کە حزبی شیوعی بە گرنگییەکی زۆرەوە دەڕوانێتە پەیوەندییەکانی هەردوولا و، ئەم پەیوەندییانە رۆژ دوای رۆژ پتەوتر دەبێت.
هاوکات سەرۆکی شاندی حزبی شیوعی چینی، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە ئەنجامدانی ئەم سەردانە و سەرسوڕمانی خۆی دیاری کرد بە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان بە گشتی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتی و، ئاماژەی بەوەدا کە لە شەقام و کۆڵان و گەڕەکەکانی ئاوەدانکردنەوە ئەنجام دەدرێت و، ئەمە جێگای دەستخۆشییە و جێگای پێشکەوتنە، لە کۆتاییدا هیوای خواست کوردستان هەر لە پێشکەوتندا بێت.




