٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەحما خەلیل: ھەزاران خانوو لە شنگال تاپۆ دەکرێن

سەرچاوە: KDP.info

شنگال -KDP.info- سەرۆکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، بڕیاری تاپۆکردنی خانووەکانی سنووری شنگال بە ھەوڵی فراکسیۆنی پارتی بووە و ١١ کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون سوودمەند دەبن و ھەزاران خانوو تاپۆ دەکرێن لەسەر خاوەنەکانیان.

مەحما خەلیل، سەرۆکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە پێشوازی لە بڕیاری حکوومەتی فیدراڵ بۆ تاپۆکردنی خانووەکانی شنگال دەکەین، چونکە بەپێی بڕیارێکی ڕژێمی پێشووی عێراق تاپۆکردنی ئەو خانووانەی قەدەغە کردبوو، بەڵام ئێمە وەک فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ڕێنوێنیی سەرکردایەتیی خۆمان ساڵانی ڕابردوو ھەوڵێکی زۆرمان دا بۆ ئەوەی تاپۆ بکرێن و سوپاس بۆ ئەوەی ھەوڵەکانمان سەری گرت.''

سەرۆکی لیژنەی ئاوەداکردنەوە گوتیشی: "ئێستا داوای گرتنەبەری میکانیزمێک دەکەین بۆ ئەوەی پرۆسەی تاپۆکردنی خانووەکانی شنگال بکەوێتە واری جێبەجێکردن، ھەروەھا ئەو ھێزانەی ناشەرعین لە دەڤەری شنگال دەربکرێن بۆ ئەوەی خەڵکی دوای تاپۆکردنی خانووەکانیان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.''

مەحما خەلیل ڕوونی کردەوە: "لە ھەموو دەڤەری شنگال تەنیا خانووەکانی نێو سەنتەری قەزای شنگال و شارەدێی سنوونێ تاپۆن و  ئەوانی دیکە تاپۆ نەکراون، بەڵام ئێستا ئەگەر بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت، ٣٠٠ ھەزار کەس سوودمەند دەبن، چونکە ١١ کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون ھەن و پرۆسەی تاپۆکردنە دەیانگرێتەوە و ھەزاران خانوو لەسەر خاوەنەکانیان تاپۆ دەکرێن.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار