٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھاوار محەمەد: لایەنەکان خەریکی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکانی عێراقن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- بەرپرسی یاسایی لە دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی ئاشکرای کرد، لایەنە عێراقییەکان خەریکی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنن و دەشڵێ، ساڵی داھاتوو دوو ھەڵبژاردن لە عێراق بەڕێوە دەچن و پارتییش ئامادەیە بۆ ھەڵبژاردن.

ھاوار محەمەد، بەرپرسی یاسایی لە دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ساڵی داھاتوو دو پرۆسەی ھەڵبژاردن لە عێراق بەڕێوە دەچن، ئەوانیش ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق. ئێستا لایەنە سیاسییەکان خەریکی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکانی عێراقن و دوای تەواوبوونی ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت بۆ پەسەندکردن.

بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: "بەپێی ڕێککەوتنی لایەنە عێراقییەکان دوای دەرچوونی یاسای نوێی ھەڵبژاردن وادەیەک بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی دیاری دەکرێت بۆ ئەوەی کۆمسیۆن دەست بە ئامادەکارییەکان بکات و نابێت لە شەش مانگ کەمتر بێت.

ھاوار محەمەد ڕوونی کردەوە: ''ئێمە وەک پارتی لەگەڵ ھەر ھەڵبژاردنێکین لە عێراق ئەگەر لایەنەکان لەسەری کۆک بن، ئێمە ھیچ مەرجێکمان نییە بۆ بەشداری لە ھەڵبژاردن، بەڵام بەپێی ڕێککەوتنی ئیدارەدانی دەوڵەت پێویستە ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان ئاسایی بکرێتەوە، ئێمەیش لە ھەوڵداین بۆ ئەوەی پێش بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن ڕەوشی ناوچە کێشە لەسەرەکان ئاسایی بکرێتەوە، پێشتریش سەرەڕای ئاڵۆزیی ڕەوشی ئەو ناوچانە پارتی سەرکەوتنی بەرچاوی تۆمار کرد و ئێمە لە ھەڵبژاردن ناترسین.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار