سەفین دزەیی: لهگهڵ وەزیری بەرگری شانشینی هۆڵەندا هاوڕابووین

ههولێر-KDP.info- سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کایسا ئۆلۆنگریەن، وەزیری بەرگری شانشینی هۆڵەندا کۆبووەوە. هەر دوولایەنی کۆبوونەوەکە لەسەر بەردەوامیی هاوکاری سیاسی، سەربازی و ئابووریی هۆڵەندا بۆ هەرێمی کوردستان هاوڕابوون.
سەفین دزەیی، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شاندی باڵای شانشینی هۆڵەندا بەسەرۆکایەتی وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە، لە کۆنگرەکی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بە هاوکاری و پاڵپشتیی هێزی پێشمەرگە و هێزی فیدراڵی لەلایەن هۆڵەنداوە کرد و گوتی: هاوکاری و پشتگیرییەکان بەردەوام دەبن، بەڵام بوون یان راهێنانی ئەو هێزانە گۆڕانکاریان بەسەردا دێت، هەڵبەت ئەمە بەواتای دەرچوونی بەتەواوەتی ئەو هێزانە لە عێراق نییە. ئەوان هەست بە ئەگەر و مەترسیی سەرهەڵدانەی گرووپی تیرۆریستی وەکوو داعش دەکەن، هەر بۆیەش بوون و پاڵپشتیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.
لەو کۆبوونەوەیەدا شاندی میوان پاڵپشتی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان و فاکتەرێکی سەقامگیری ناوچەکە دووپاتکردووەتەوە.
سەفین دزەیی لەبارەی هێرشەکانی ئەمدواییەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و پاڵپشتیی هۆڵەندا لە سەقامگیری کوردستان دەڵێت: هۆڵەندا لە چوارچێوەی یەکێتی ئەوروپا سیاسەتی خۆیان دەنوێنێت و لە رووداوەکانی ئەمدواییەدا هەڵوێستیان هەبووە. ئێمە داوامان کرد هەرێمی کوردستان دوور بێت لە هەموو گرژییەک، پێویستە وڵاتان رێز لە سەروەری عێراق بگرن و هەوڵی چارەکردنی لەیەکتێنەگەیشتنەکان بە رێگەی گفتوگۆ بدەن.
دزەیی زیاتر گوتی، "هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک نەبووەتە پێگەیەکی مەترسیدار لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتانی دەوروبەر".
ئەو، لەگەڵ ئاماژەدان بە گرنگیی وڵاتی ئێران و بوونی پەیوەندییەکی کۆن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، دووپاتیکردوە، "ئەو قسانەی هەندێ لایەنی فەرمیی ئێران دەیڵێن، هیچ بنەمایەکی نییە، چونکە هەرێمی کوردستان هەوڵیداوە ببێتە فاکتەرێکی سەقامگیر و رێگە بەخۆی نادات ببێتە پێگەیەک بۆ دژایەتیکردن یان ناسەقامگیری ئاسایشی وڵاتانی دیکە."
ڕامان وریا




