لهم شوێنانه زمانی کوردی دهكرێته زمانی یەکەم و سەرەکی

ههولێر-KDP.info- فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمى كوردستان، له ڕاگهیاندراوێكدا ئاماژه بهوه دهدات، زمانی کوردی دەکرێتە زمانی یەکەم و سەرەکیی شوێنە گەشتیارییەکان و هێزی کاری ناوخۆیی بۆ 75% بەرز دەکرێتەوە.
ئهمڕۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری، ڕاگهیاندراوێكى بڵاوكردهوه و تێیدا هاتووه: "دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی دوو بڕیار، هەلی کاری زیاتر بۆ هێزی کاری ناوخۆیی دابین دەکات و زمانی کوردییش دەکاتە زمانی یەکەم و سەرەکیی شوێنە گەشتیارییەکان."
ئهوهش خراوهته ڕوو، بۆ جێبەجێکردنی ئەو دوو بڕیارەی کە لەسەر راسپاردەی ئەنجوومەنی وەزیران دراون، لیژنەیەک لە بەڕێوەرانی دڵنیایی جۆری و هونەری و گەشتیاری و ژمێریاری لە دیوانی دەستەی گەشتوگوزار پێک هێنراوە.
ئەمەل جەلال، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمى كوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕایگەیاندووه: "بڕیاری یەکەم تایبەتە بە بەرزکردنەوەی رێژەی هێزی كاری ناوخۆیی لە كەرتی گەشتیاری بۆ 75% و بڕیاری دووەمیش چەسپاندنى زمانی کوردییە لە شوێنە گەشتیارییەکان و ناچارکردنى فەرمانبەرانی ئەم کەرتە بۆ فێربوونى زمانى کوردییە."
له ڕاگهیاندراوهكهدا ڕوونیش كراوهتهوه، بەپێى ڕێنوێنییهكانى دەستەی گەشتوگوزار پێویستە 75% هێزی کار لە بنکە و شوێنە گەشتیارییەکان خۆماڵى بێت و بە گوتەی سەرۆکی دەستە، لە قۆناغى یەکەمدا ڕێژەی 30% لە شوێنە گەشتیارییەکان دەچەسپێندرێت و لە قوناغەکانی داهاتوودا بۆ 75% بەرز دەکرێتەوە.
لەبارەی گرنگیدان بە زمانی کوردی، بڕیار دراوە بۆ پاراستنی شووناسی زمانی کوردی، تابلۆ و مینیوی خواردنی هۆتێل و چێشتخانە و شوێنە گشتییەكان و تابلۆ هەڵواسراوەکانی شوێنە گەشتیارییەکان، زمانی کوردی، زمانی سەرەکی و یەکەم بێت، زمانەکانی دیکەشیان، ئەگەر هەبێت، پێویستە بە دوای زمانی کوردییەوە بن.
فهرمانگهى میدیا و زانیارى له ڕاگهیاندراوهكهدا جهختی لهوهش كردووه، بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، پێویستە راهێنانی فێربوونی زمانی کوردی بە کارمەندانی کەرتی گەشتوگوزار بکرێت و دوای فێربوونی زمانی کوردی، دەرفەتی کارکردن لە کەرتی گەشتوگوزار بە خەڵکی بیانی دەدرێت، ئەوانەشی کە ئێستا لەم بوارەدا کار دەکەن، خولی فێربوونی زمانی کوردییان بۆ دەکرێتەوە.
لیژنەکەى دەستەى گەشتوگوزار بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە و پێدانی رێنوێنییهكان، سەردانى هەر هەشت بەڕێوەبەرایەتیییە گشتییەکانی گەشتیاری دەکەن و پرۆسەکەشی لە دهۆک دەستی پێکردووە.
له ڕاگهیاندراوهكهى فهرمانگهى میدیا و زانیاریی حكوومهتى ههرێمى كوردستان، ئاماژه بهوهش دراوه، لە مانگی ئابی رابردوو، بە سڕکردنی بڕیارێک، مانگێک مۆڵەت بە شوێنە گشتییەکان درابوو زمانی کوردی بکەنە زمانی یەکەم و سەرەکیی سەر تابلۆکانیان، لیژنە هاوبەشەکانى قایمقامیەت لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بە بەشداریی نوێنەرى دەستەى گەشتوگوزار، بهدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەکەن و سەرپێچیکارانیش بەم شێوەیە سزا دەدرێن: بۆ جارى یەکەم، ئاگادار دەکرێنەوە، جاری دووەم، بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ دادەخرێن و بۆ جاری سێیەمیش مۆڵەتەکەی لێ وەردەگیرێتەوە.
فهرمانگهى میدیا و زانیارى ئاشكراشى كردووه، لە هەرێمى کوردستان، ئامارێکى ورد لەبارەی ڕێژەى هێزی کارى بیانى و ناوخۆیی لە شوێنە گەشتیارییەکان نییە، دەستەى گەشتوگوزار سەرقاڵى ڕووپێویکە بۆ زانینى ڕێژەى هێزی کار لە کەرتی گەشتوگوزار، دوو جۆر بنکە و شوێنی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان هەن، بەشێکیان تۆمار نەکراون و مۆڵەتیان نییە، بەشێکیشیان مۆڵەتى فەرمییان هەیە بەسەر سێ ههزار و 983 شوێن دابەش کراون:
ـ کافتریا: 714 دانە
ـ شارى یارى: 10 دانە
ـ رێستۆرانت: 589 دانە
ـ خواردن و خواردنەوە: 157 دانە
ـ کۆمپانیا و نووسینگە گەشتیارییەکان: 599 دانە
ـ کۆمەڵگەى گەشتیارى: 54 دانە
ـ هۆتێل: 460 دانە
ـ هۆڵى ئاهەنگگێڕان: 72 دانە
ـ یانەى شەوانە: 45 دانە
ـ هۆڵى بۆنە تایبەتییەکان: یهك دانە
ـ ئەپارتمانى ڕاخراو: 282 دانە
ڕامان وریا




