بە قەرزی پێنج ساڵە پڕۆژە بۆ جووتیاران جێبەجێ دەکرێت

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، جووتیاران دەتوانن داواکاری بە شێوەی پڕۆژە پێشکەشی کشتوکاڵی سنووری خۆیان بکەن و بەقەرز بۆیان جێبەجێ دەکرێت، کە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە 15 تا 100 ملیۆن دینار دەست پێ دەکات و تا ئێستاش 300 جووتیار داواکارییان پێشکەش کردووە.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هیوا عەلی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''قەرز دەدرێتە جووتیاران و جووتیاران لە ناوچەکانی خۆیان داواکاری پێشکەش دەکەن کە دەبێ پڕۆژەیان هەبێت و پێشکەشی کشتوکاڵی سنووری خۆیانی بکەن و دواتر ڕەوانەی وەزارەت دەکرێت و ئێمەش ڕەوانەی بانکی دەکەین بۆ ئەوەی ڕەزامەندیی لەسەر بدرێت و دواتر پڕۆژەکە جێبەجێ دەکرێت بۆیان.''
هیوا عەلی گوتیشی: ''هەر جووتیارێک بۆی هەیە داواکاری پێشکەش بکات و تا ئێستا 300 جووتیار داواکارییان پێشکەش کردووە و بەردەوامیش دەبێت، کە پڕۆژەکان لە 15 ملیۆن تا 100 ملیۆن دینار دەست پێ دەکات و دانەوەی قەرزەکەش بە ماوەی 5 ساڵ دەبیت.''
گوتیشی: ''پارە بە جووتیاران نادرێت و ئەو پڕۆژەی پێشکەشی دەکەن، بۆیان جێبەجێ دەکرێت.''
بڵند ئیبراهیم




