سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له شاندێكى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ریكى کرد

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه 2022.11.26 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له شاندێكى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ریكى به سه‌رۆكایه‌تیى كۆنگرێسمان به‌ڕێز مارك تاكانۆ كرد كه له ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامانى كۆنگرێس و دیپلۆماتكاران پێكهاتبوو.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه خاتوو ئالینا ڕۆنامۆوسكى باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا له عێراق ئاماده‌ى بوو، بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و گۆڕینه‌وه‌ى زیاترى شاندى نێوانیان، دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى سیاسى و ئه‌منیى عێراق، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانیان، مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر و شه‌ڕى دژى داعش، تاوتوێ كران.
هه‌ردوولا جه‌ختیان له گرنگیى ته‌بایى و هاریكاریى نێوان لایه‌نه عێراقییه‌كان و پشتگیریكردنى حكوومه‌تى نوێى عێراق بۆ سه‌ركه‌وتنى كارنامه‌كه‌ى و پاراستنى سه‌قامگیرى و ئارامیى سنووره‌كان و سه‌روه‌ریى عێراق كرده‌وه. هه‌روه‌ها هاوڕا بوون كه ده‌رفه‌ت هاتووه‌ته ئاراوه بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ولێر و به‌غدا كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و پێكه‌وه هاریكارى بكه‌ن.
شاندى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ریكى وێڕاى پێ‌زانین و ستایش بۆ رۆڵى پێشمه‌رگه له شه‌ڕى دژى داعشدا، دووپاتیان كرده‌وه كه وڵاته‌كه‌یان به بایه‌خه‌وه ده‌ڕوانێته په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و پابه‌ندیى ئه‌مه‌ریكایان بۆ به‌رده‌وامیى هاوبه‌شیى ستراتیژى و پشتگیرى له عێراق و هه‌رێمى كوردستان له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كانى داعش ده‌ربڕى.
لاى خۆیه‌وه سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پشتگیریى ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى له عێراق و هه‌رێمى كوردستان له شه‌ڕى دژى داعشدا و هه‌روه‌ها بۆ پشتگیرى و هاوكاریى ئه‌مه‌ریكا له پرۆسه‌ى چاكسازى له وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه دووپات كرده‌وه.
پێویستیى خێراكردنى پرۆسه‌ى چاكسازى و ڕێكخستنه‌وه له وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و گرنگیى ته‌بایى و یه‌كڕیزیى لایه‌نه سیاسییه‌كانى كوردستان، دۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.




