٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

تەندروستیی هەڵەبجە: کۆمپانیاكه‌ نەخۆشخانەکەی بە نیوەچڵی جێی هێشتووە داواكارین تەواوی بکات

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-PDK.info- بە مەبەستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی باشتر بە نەخۆشانی بەرکەوتووی چەکی کیمیایی، ڕێکخراوی PUI پێداویستیی پزیشکی پێشکەش به نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە کرد.

د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕێکخراوی PUI لە چوارچێوەی پاڵپشتیی حکوومەتی فەڕەنسا بۆ نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، ئۆتۆمبێلێک بۆ گەیاندنی پێداویستیی پزیشکی بەو بەرکەوتووانە دابین کرد، کە ناتوانن بێنە نەخۆشخانە و، هێنانی ئەو نەخۆشخانەی پێویستییان بە چارەسەرە بۆ نەخۆشخانە".

مستەفا گوتیشی: "لە چوارچێوەی هاوکارییەکەدا، بڕێک دەرمان و پێداویستیی پزیشکییان پێشکەش کردین و داوامان لێیان هەیە بەردەوام بن لە هاوکاری بۆ نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی".

بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە دەشڵێ: "داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین هاوکاری نەخۆشخانەکە بێت، داواش دەکەین کۆمپانیای جێبەجێکار، ئەو کارانەی نەخۆشخانەکە ماویەتی، بێت و تەواوی بکات، چونکە بە نیوەچڵی بەجێی هێشتووە".

هاوکات لۆڕاس دیپریس، جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی pui، ڕایگەیاند: "خۆشحاڵین لەگەڵ نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی کار دەکەین و ئامانجمان بەرزکردنەوەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانە بۆ قوربانیانی چەکی کیمیایی، لەو چوارچێوەیەشدا 100 کارمەندی نەخۆشخانەمان ڕاهێناوە لەسەر چۆنیەتیی چارەسەری هەوکردن و پاراستنی تەندروستی".

گوتیشی:" ئامانجمان ئەوەیە پێداویستیی تەندروستی بۆ قوربانیان و خێزانەکانیان دابین بکەین، ئەمڕۆش قۆناغی دووەمی کارەکەمانە، کە بریتییە لە پێدانی مینی پاسێکی فریاکەوتن بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ نەخۆشانەکە و هەروەها دابینکردنی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی، بەردەوامیش دەبین لەگەڵ نەخۆشخانەکە".

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار